ئەحمەد تورک: تورکیا نکۆڵی لە پرسی کورد نەکات، دەتوانێت دۆزەکەی چارەسەربکات

27-11-2024
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەحمەد تورک دەڵێت، ئەگەر دەسەڵاتی تورکیا نکۆڵی لە بوونی کورد نەکات، دەتوانێت دۆزەکەی چارەسەر بکات. ئاماژە بەوەش دەدا، بۆ ئەوەی ئاشتی لە تورکیا بەرقەرار بێت دەبێت، "ژینگەیەک بێتە ئاراوە کە هەموو گەلەکان بتوانن بە سەربەخۆیی تێیدا بژین."
 
ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین لە ئەنقەرە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە و لەبارەی پرسی کوردەوە گوتی، ئەگەر حکومەتی تورکیا نکۆڵی لە بوون، کولتوور و ناسنامەی کورد نەکات و پەسندی بکات کە چارەسەری پرسی کوردیش ''مافێکە''، دەتوانێت چارەسەری بکات.
 
لەبارەی بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی کە رۆژی سێشەممە گوتی، با عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دەم پارتی کۆببنەوە، ئەحمەد تورک گوتی، ''بێگومان ئاشتیی ئەم وڵاتە بۆ ئێمە زۆر گرنگە. هەر کەسێک سوودی بۆ ئاشتی هەبێت، ئێمە لەناخەوە پاڵپشتیی لێدەکەین. بەڵام ئەم ئاشتییە، بەڕاستی پێویستە ببێتە ئاشتییەکی شکۆمەندانە. پێویستە ژینگەیەک دروستبکرێت کە کۆتایی بە ئازارەکان بهێنێت و گەلەکان بتوانن بەسەربەخۆیی و یەکسانی تێیدا بژین. تەنیا بەم شێوەیە دەتوانین بەرەو ئاشتی بڕۆین''.
 
تورک لەبارەی دانانی قەییوم گوتی، ''ئەو هەنگاوە لەنێوبردنی ویستی گەلە و رێگە نادەین دەست بەسەر ویستی گەلدا بگیرێت. هەر کەسێک بڵێت من دیموکراسی و مرۆڤم، دەبێت رێز لە ویستی گەل بگرێت''.
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی (سێشەممە، 26-11-2024)، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا گوتی، "چاوەڕێ دەکەین پەیوەندی رووبەڕوو لە نێوان ئیمراڵی و گرووپی دەم پارتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوەبچێت و بە بڕیارەوە بانگەوازەکەمان دووپات دەکەینەوە''.
 
سەرۆکی مەهەپە رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد و رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمیش هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد کە "بێتە پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە''.
 
ئەو هەنگاوانە لە کاتێکدان، دانانی قەییوم بۆ بەشێک لە شارەکانی باکووری کوردستان بەردەوامە. 
 
بەیانیی رۆژی (دووشەممە 04-11-2024)، قەییوم بۆ گەورەشارەوانیی مێردین، شارەوانیی ئێلیهـ و شارەوانیی شارۆچکەی خەلفەتی سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان دانرا.
 
بەگوێرەی بڕیارەکە، تونجای ئاککۆیون، پارێزگاری مێردین لە شوێنی ئەحمەد تورک، سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین دانرا؛ ئەکرەم جانئاڵپ، پارێزگاری ئێلیهـ لە شوێنی گوڵستان سۆنوک، سەرۆکی شارەوانیی ئێلیهـ بە قەیووم دانرا؛ هەروەها لە شوێنی محەممەد قەرەیلان، سەرۆکی شارەوانیی خەلفەتی، هاکان باشئۆغڵو، قایمقامی خەلفەتی دانرا.
 
لە دوای هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ـی ئاداری ئەم ساڵەوە تائێستا لە باکووری کوردستان و تورکیا قەییوم بۆ حەوت شارەوانی دانراون کە پێنجیان سەر بە دەم پارتی بوون و دووانەکەی دیکەیان سەر بە جەهەپە بوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە