بوومەلەرزەیەک پارێزگای ئادانای تورکیای هەژاند

رووداو دیجیتاڵ
 
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.1 پلەی رێختەر لە پارێزگای ئادانا لە تورکیا روویدا.
 
سه‌رۆكایه‌تیی بەڕێوەبردنی كاره‌سات و باری له‌ناكاو (ئافاد) رایگەیاند، کاژێر 20:07 خولەکی ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2024، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بەگوڕی 5.1 پلەی رێختەر، لە شارۆچکەی کۆزان سەر بە پارێزگای ئادانا روویدا. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، بوومەلەرزەکە بە قووڵایی 20.13 کم تۆمارکرا. 
 
یاووز سەلیم کۆشگەر، پارێزگاری ئادانا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، تیمەکانی جەندرمە، دەزگای ئافاد، مانگی سوور و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی زیانەکان و راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی زیانی گیانی پێنەگەیشتووە. 
 
دەزگای ئافاد راشیگەیاند، لە دوای هەردوو بوومەلەرزە بەهێزەکەی رۆژی 6ی شوبات تاوەکو ئێستا 61 هەزار و 144 پاشلەرزە روویانداوە، کە 14 پاشلەرزە 6 پلە و 93یان 5 پلە بووە.
 
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ی شوباتی 2023 بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر کە چەقەکەی مەرەش بوو 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 53 هەزار و 500 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزە گیانیان لەدەستدا و 107 هەزار 204 کەسی دیکە برینداربوون.
 
بوومەلەرزەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 5 هەزار کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و ژمارەیەکی بەرچاو لەوانیش لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون.

 

بوومەلەرزەکە بەگوڕی 5.1 پلەی رێختەر بوو.