وەزیری دارایی تورکیا: نابێت رێگە بە ساردبوونەوەی پڕۆسەی ئاشتی بدرێت

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
محەممەد شیمشەک، وەزیری دارایی تورکیا.
محەممەد شیمشەک، وەزیری دارایی تورکیا.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دارایی تورکیا دەڵێت، نابێ رێگە بدرێت بەربەست بۆ بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی ئاشتی دروست بکرێت، گوتیشی، ''وەک تیمێک هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە سەر داڕشتنی سیاسەتەکان لەسەر بنەمای یاسا و بەگوێرەی بنەما نێودەوڵەتییەکان.''
 
محەممەد شیمشەک، وەزیری دارایی تورکیا لە سیمینارێکدا کە لەلایەن پەیمانگەی بروکینگزی ئەمریکی لە واشنتن بەڕێوەچوو، لە پانێڵێکدا لەبارەی پڕۆسەی ئاشتیی تورکیا و باکووری کوردستان رایگەیاند: ''تورکیا بە گشتی لەم ساڵانەی دواییدا لەژێر سەرکردایەتیی سەرۆک ئەردۆغاندا، هەوڵی جیدی داوە بۆ چارەسەکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان، لە نێویاندا پرسی کورد. بەڵام بەداخەوە پەکەکە پشتی تێکرد و رێگەی وێرانکاری هەڵبژارد.''
 
محەممەد شیمشەک گوتی: ''چەند رۆژێک لەمەوبەر دەستپێشخەرییەکی نائاسایی لە لایەن سەرکردەی مەهەپەوە هەبوو کە لە لایەن زۆر کەسەوە بە پارتێکی نەتەوەپەرست دادەنرێت، هەروەها کە هاوبەشی ئێمەیە لەنێو هاوپەیمانیی حکومەت. دەستپێشخەرییەکە ناوازە بوو.''
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی سێشەممە (22ـی تشرینی یەکەم) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان هەڵبگیرێت و بێت لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان قسە بکات و بڵێت "تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و هاواربکات و بڵێت رێکخراوەکە (پەکەکە) هەڵوەشێندراوەتەوە."
 
هەر رۆژێک دوای گوتارەکەی باخچەلی، هێرشێکی چەکداری کرایە سەر کۆمپانیای پیشەسازیی بەرگریی ئاسمانی (توساش) و دواتر نەپەگە بەشی سەربازیی پەکەکە، بەرپرسیارێتییەکەی گرتە ئەستۆ. وەزیری دارایی تورکیا گوتی: ''بڕوا ناکەم ئەوە بە رێککەوت بووبێت کە دوای کەمتر لە 24 کاژێر ئەو کارە تیرۆرستییە کرا. بەڵام رێگەنادەین ئەوە ببێتە رێگر، چونکە بەردەوام دەبین لەسەر ئەو شتەی کە بۆ وڵاتەکەمان باشە.'' 
 
محەممەد شیمشەک جەختی لەوە کردەوە، ''ئەوەی کە بۆ وڵاتەکەمان باشە، بریتییە لە بەردەوامبوون لەسەر پەرەپێدانی ماف و ئازادە بنەڕەتییەکان و بنەماکانی دیموکراسیمان، چونکە ئەمە کلیلی خۆشگوزەرانیی درێژخایەنی ئێمەیە.''
 
عەبدوڵا ئۆجەلان لەبارەی پڕۆسەی ئاشتییەوە پەیامێکی لە رێگەی عومەر ئۆجەلانی برازای رایگەیاندووە و دەڵێت: "گۆشەگیری بەردەوامە. ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێت، هێزی تیۆری و پراکتیکیی ئەوەم هەیە ئەم دۆخە لە زەمینەی پێکدادان و تووندوتیژییەوە رابکێشم بۆ زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی،" ئەمە وەک عومەر ئۆجەلان رۆژی پێنجشەممە، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ئاماژەی پێکردووە.
 
وەزیری دارایی تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە گوتی: ''من هەمیشە گەشبینم و پێویستە واش بم، بەڵام گەشبینم بەوەی رێگە نەدرێت ئەم دەستپێشخەرییە، ئەم بانگەوازەی ئاشتەوایی ساردبێتەوە؛ هیوام بەوە هەیە کاری زیاتری لەسەر بکرێت، ناتوانین رێگە بدەین تووندوتیژی ببێتە بەربەست، چونکە ئەو کات ئەوان [پەکەکە] براوە دەبن. ناتوانین رێگەیان پێبدەین سەربکەون.'' گوتیشی، ''تاوەکو تورکیا بیباتەوە، پێویستە بەردەوام بین لە بەرەوپێشچوون. وەک تیمێک هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە سەر داڕشتنی سیاسەتەکان لەسەر بنەمای یاسا و بەگوێرەی بنەما نێودەوڵەتییەکان و تورکیا سوودی لەوە بینیوە. من گەشبینم بەوەی لە بوارەکانی دیکەش بەرەوپێشچوونمان دەبێت.''
 
هاوکات کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) کە باڵی سیاسیی پارتی کرێکارنی کوردستان (پەکەکە)یە، لە راگەیێندراوێکدا پابەندبوونی خۆی بەو پڕۆسەیە نیشاندەدات کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێشکێشیکردووە.
 
کەجەکە پێیوایە، دیمکراسیبوونی تورکیا بەندە لەسەر چارەسەرکردنی دیموکراسیانەی دۆزی کورد و جەختدەکاتەوە: ''ئۆجەلان ئیرادەی بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمانە و نوێنەر و دانوستاندنکاری چارەسەریی دیموکراسیانەی دۆزی کوردیش، هەر ئۆجەلانە." 
 
''کوردم و هاووڵاتییەکی سەربەرزی تورکیام''
 
محەممەد شیمشەک لە بەشێک لە قسەکانیدا باسی لە کوردبوونی خۆی کرد و گوتی: ''من بە نەتەوە کوردم و هاووڵاتییەکی سەربەرزی تورکیام، وێڕای ئەوەی تا تەمەنی شەش حەوت ساڵی، یەک وشەی تورکیم نەدەزانی.''
 
لەبارەی دایک و باوکیشییەوە دەڵێت، ئەوانیش جووتیار بوون و یەک وشەی تورکیان نەدەزانی، ''چونکە لە سەردەمی منداڵیی ئەواندا هیچ قوتابخانەیەک نەبوو و ئەوان لە ناوچەیەکی شاخاویی دوورەدەست بوون.'' 
 
وەزیری دارایی تورکیا گوتی: ''من لێرەدا هەوڵی ئەوە نادەم پێت بڵێم لە پاشخانێکی زۆر سادەوە هاتووم، هەرچەندە راستییەکەی هەر وایە، بەڵام مەبەستم ئەوە نییە، بەڵکو مەبەستم ئەوەیە تورکیا نەتەوە و پێکهاتەی جیاجیای هەیە.''

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە