باخچەلی: ئەو تورکەی کوردی خۆشنەوێت، تورک نییە

رووداو دیجیتاڵ

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایگەیاند، یەکدی خۆشەویستنی کورد و تورک لە رووی ئایینی و سیاسییەوە واجبە.
 
لە سەمپوزیۆمی سەدەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی زیا گۆکاڵپ، مێژووناس و زمانزان، دەولەت باخچەلی گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی لە پێکەوەژیانی کورد و تورک کرد.
 
باخچەلی کە لەم ماوەیەدا بووەتە رۆژەڤ لەسەر هەڵوێستی ئەرێنییانەی بۆ نزیکبوونەوەی کورد و تورک، گوتی: "خۆشویستنی تورک و کورد بۆ یەکدی ئەرکێکی ئایینی و سیاسییە."
 
سەبارەت بە پێکەوەژیانی کورد و تورک باخچەلی چەند گوتەیەکی زیا گۆکاڵپی وەبیرهێنایەوە و گوتی "ئەمە گوتەی بیرمەندی خوالێخۆشبوومانە؛ کورد و تورک  لە ئەنجامی ئایینی هاوبەش، مێژووی هاوبەش و جوگرافیای هاوبەش لەڕووی مادی و مەعنەوییەوە یەکیدیان گرتووە. ئەمڕۆش رووبەڕووی دوژمن و مەترسیی هاوبەش بوونەتەوە. تەنیا لەڕێی پێداگرییەکی هاوبەشەوە دەتوانن خۆیان لەو مەترسییە رزگار بکەن. کەواتە بە باوەڕێکی زۆرەوە دەتوانین بڵێین؛ یەکدی خۆشویستنی تورک و کورد، بۆ هەردوولایان فەرزێکی ئایینی و سیاسییە. ئەگەر تورکێک هەیە کوردی خۆشنەوێت، تورک نییە. ئەگەر کوردێکیش هەیە کە تورکی خۆشنەوێت، کورد نییە."
 
باخچەلی هەروەها ئاماژەی بە هێرشی سەر کۆمپانیای هاوبەشی پیشەسازی بۆشایی ئاسمان و بۆشایی ئاسمانی تورکیا (توساش) کرد و بانگەشەی ئەوەی کرد هێرشەکە دەریخست کە پەکەکە و یەپەگە "دوژمنی تورک و کوردن."
 
زیا گۆکاڵپ (1876-1924) لە ئامەدی باکووری کوردستان لەدایکبووە. کۆمەڵناس، مێژوونووس، زمانزانێکی بە رەچەڵەک کوردە، بەڵام خزمەتی مێژوو و زمانی تورکیی کردووە و بە باوکی نەتەوەی تورک دەناسرێت.