لە ئیستەنبووڵ هۆشداریی لافاو دەدرێت

رووداو دیجیتاڵ 

پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی ئابی 2024، شەپۆلێکی بەهێزی لێزمەباران هەردوو دیوی ئاسیا و ئەورووپای ئیستەنبووڵ بگرێتەوە. فەرمانگەی کارەساتە سرووشتییەکان و دۆخی لەناکاو (ئافاد) هۆشداری لافاو دەدات. 
 
پلەی گەرما لە سەرەتای مانگی ئاب دا لە پارێزگای ئیستەنبووڵ، لە نێوان 37-39 پلەی سەدی بووە، بەڵام دوو رۆژە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی تورکیا پێشبینی لێزمەباران و لافاو دەکات و لە رێگەی دەزگای (ئافاد)یشەوە هۆشداری بە دانیشتووانی شارەکە دەدات ئاگاداری خۆیان بن بەهۆی ئەوەی بارانێکی زۆر دەبارێت و رەنگە لە چەندین شوێن لافاو هەستێت. 
 
ناوەندی رووبەڕووبوونەوەی رووداوە سروشتییەکانی ئیستەنبووڵ AKOM، ئەویش هۆشداری شەپۆلێکی بەهێزی لێزمەباران و ئەگەری روودانی لافاویدا و راشیگەیاند، شەپۆلەکە لە کاژێر 07:00ـی بەیانییەوە دەست پێدەکات و تا کاژێر 11:00ـی شەو بەردەوام دەبێت. 
 
باسی لەوەشکرد، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 28ـی مانگ نمەباران دەبارێت و تاوەکو دوای نیوەڕۆی رۆژی 29ـی مانگ بەردەوام دەبێت، دواتر باران خۆش دەکات. بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی تورکیا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، شەپۆلی دووەمی لێزمەبارانی ئیستەنبووڵ لە رۆژانی 30 و31ـی ئاب دەستپێدەکاتەوە و دوو رۆژ دەخایێنێت. 
 
فەرمانگەی کارەساتە سرووشتییەکان و دۆخی لەناکاو (ئافاد) داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە بەرامبەر ئەگەرەکانی لافاو و کێشەی هاتووچۆ ئاگاداربن.