قەرزی شارەوانییەکان لە تورکیا مشتومڕی ناوەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

قەرزی شارەوانییەکان ئەم رۆژانە بووەتە جێی مشتومڕی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و حکومەت لە تورکیا.
 
سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی چوارشەممە، داوای لە شارەوانییەکانی جەهەپە و سەرجەم شارەوانییەکانی دیکە کرد، کە قەرزداری دامەزراوەی دەستەبەری کۆمەڵایەتین، ئەو قەرزانەیان بدەنەوە.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 24-07-2024 گوتی "ئەگەر دەتانەوێت خێرتان بە خانەنشینان بگات، فەرمان بە شارەوانییەکانتان بدەن قەرزەکانی دامەزراوەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بدەنەوە. ئێستا وەزارەتی گەنجینەی و داراییمان دەست دەکات بە وەرگرتنی قەرزی شارەوانییەکان لە سەرچاوەکانیانەوە. بە 25 قروش، سیمیت نییە. رێگە نادەین سەرچاوەی خەڵک لە شوێنی جیاوازدا خەرج بکرێت."  
 
بە گوتەی وەزیری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی تورکیا، قەرزی شارەوانییەکان لەسەر سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی گەیشتووەتە 96 ملیار لیرەی تورکی، کە دەکاتە نزیکەی سێ ملیار دۆلار. لەمەودوا هەموو هەنگاوێکی پێویست دەگرنەبەر بۆ وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانە.
 
ڤەدات ئشکهان، وەزیری کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی تورکیا دەڵێ "دوای ئەو هەموو هۆشدارییەی درا، پێویستە دامەزراوەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەپێی یاسا قەرزەکانی لە شارەوانییەکان وەربگرێتەوە. بێگومان ئەمە رێگەیەک نییە کە ئێمە هەڵیبژێرین، بەڵام قەرزی شارەوانییەکانی تایبەت بە خۆیان زیادیکردووە و، رۆژانە ئەم قەرزانە زیاد دەبن. لەم رووەوە هەرچی پێویست بێت، دەبێ بکرێت. دەبێت ئەو قەرزە دەستبەجێ بدرێت." 
 
زۆربەی ئەو شارەوانییانەی قەرزاری دامەزراوەی دەستەبەری کۆمەڵایەتین لە دەستی جەهەپەدان، بەڵام سەرۆکی ئەو پارتە دەڵێ، شارەوانییەکانیان لە ئاکپارتی وەرگرتووە و قەرزەکانیش لەوانەوە ماونەتەوە.
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لەمبارەیەوە رایگەیاند "ئێستا (ئەردۆغان) دەڵێت ئەو پارەیەی لە سەردەمی ئاکپارتی و مەهەپە نەدراونەتەوە، بەیەکجار بە سوودەکەیەوە وەریدەگرم. ئەمە تەنیا یەک ئامانجی هەیە، ئەویش بەستنەوەی دەست و قاچی سەرۆک شارەوانییەکانمانە. ئەوە بلۆککردنی خزمەتگوزارییە و سیاسەتێکی هەرزانی لەسەر دەکات."
 
بەگوێرەی داتاکانی وەزیری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی تورکیا، لە کۆی 96 ملیار قەرزی دامەزراوەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە شارەوانییەکان، 67.7٪ـیان هی شارەوانییەکانی جەهەپەن. گەورەشارەوانییەکانی ئەنقەرە، ئیزمیر، ئیستەنبووڵ و ئادانا و شارەوانی شارۆچكەی شیشلی ئیستەنبووڵ، پێنج شارەوانی سەرەکیین کە بەدەست جەهەپەن و زۆرترین قەرزیان لەسەرە.