گەرگەرلیئۆغڵو بۆ رووداو: ئەو رۆژنامەڤانەی لە کاتی ئۆپەراسیۆنی گارە پێیگوتین "تیرۆریست" سزادرا

27-07-2022
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەڤانی نزیک لە دەسەڵات جەم کوچوک کە دوای ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا لە گارە، رەخنەی لە هەردوو پەرلەمانتاری هەدەپە عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو و هودا کایا گرت و بە 'تیرۆریست' ناویبردن، بە بڕیاری دادگە سزای بەسەردا سەپێندرا.
 
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری هەدەپە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای ئۆپەراسیۆنەکەی گارە و کوژرانی 13 دیل لە ئەشکەوتێکی گارە، تویتم کرد و داوای چارەسەری ئاشتیانەم کرد؛ داوای کۆتاییهێنان بە شەڕم کرد؛ لەبەر ئەوە بوو جەم کوچوک کە رۆژنامەڤانێکی نزیک لە دەسەڵاتە، من و هودا کایای بە تیرۆریست ناوبرد. هەر بۆیە منیش سکاڵام لە دژی تۆمارکرد و دواجار دادگە سزای دا." 
 
گەرگەرلیئۆغڵو دەڵێت: "لە ماوەی نزیکەی ساڵێک لە بەردەوامبوونی دادگەییەکە، دادوەر بڕیاری دژی جەم کوچوک دا و بە 6620 لیرە [نزیکەی 370 دۆلار] سزای دا، بەڵام ئەوە بەس نییە و لەم چەند رۆژەدا سکاڵایەکی دیکەی لەسەر تۆمار دەکەم کە بە سکاڵای [قەرەبوو] دەناسرێت." 
 
جەم کوچوک لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا ئەو دوو پەرلەمانتارەی بە تیرۆرست ناوبرد و گوتی، "سەیربکەن! زۆر بە روونی دەیڵێم، هودا کایا و عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو تیرۆریستن. ئەوانە دوو تیرۆریستن. یەکێکیان سەرپۆش بەسەر و ئەوی دیکە بۆینباخ لەملە. ئینجا با سکاڵا دژی من تۆمار بکەن." 
 
گەرگەرلیئۆغڵو کە لەسەر سووکایەتیکردن سکاڵای لەسەر سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیاش تۆمارکردووە و لەو بارەوە بە رووداوی گوت، "جەم کوچوک دوای ئەوەی سکاڵاشمان لەسەر تۆمارکرد، دەیگوت ئەو سکاڵایە هیچ ئەنجامێکی نابێت. کوچوک پشئەستوور بوو بەو سکاڵایەی دژی سۆیلو تۆمارمان کردووە کە تاوەکو ئێستا دادوەران بۆ ئەوەی بڕیار نەدەن هەموو کارێک دەکەن، بەڵام لە دۆسیەکەی کوچوک دادوەر بڕیاریدا و سزای بەسەردا سەپاند." 
 
ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە گوتی، "لە تورکیادا رۆژنامەڤانانی نزیک لە دەسەڵات بە ئاسانی هێرشی تووند دەکەنە سەر پەرلەمانتاران، چونکە زۆر بە دەگمەن دادگە بڕیار دژیان دەدات. دیسانیشەوە ئەم بریارەی لە دۆسیەکەی ئێمەدا دراوە جێی دڵخۆشییە." 
 
هەروەها هودا کایا، پەرلەمانتاری هەدەپە رۆژی سێشەممە 26-7-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "جەم کوچوک بە هەموو جۆرێک سووکایەتی بە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات و قسەیان بۆ هەڵدەبەستێت؛ هیوادار بووین سزاکەی قورستر بێت." 
 
کایا هەروەها رایگەیاند کە "ئەو بڕەپارەیە سزایەک نییە کاریگەریی زۆر بکاتە سەر جەم کوچوک، بەڵام بریارەکەی دادگە دژی ئەو رۆژنامەڤانە بەهادارە." هودا کایاش جەختیکردەوە کە سکاڵای قەرەبوو لەدژی جەم کوچوک تۆماردەکەن.
 
رۆژی یەکشەممە 14ـی شوباتی 2021، دوای راگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی سوپای تورکیا لە چیای گارەی باشووری کوردستان و بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی 13 سەربازی تورکیا لە ئەشکەوتێکی ئەو ناوچەیە، هەریەک لە گەرگەرلیئۆغڵو و هودا کایا تویتیان کرد.
 
هودا کایا لە تویتێکدا رەخنەی لە حکومەت گرت و نووسی: "ئایا راستییەکان بەمجۆرە چەواشە دەکرێن؟ خێزانی ئەم سەربازە دیلانە چەندینجار سەردانیان کردین، هەرچەند گوتمان ئاشتی، زیاتر هێرشیان کرد. تورکیا کەمپی دیلەکانی بۆردوومانکرد و دوای ئەوەی زانرا کوژراون ئینجا وەستا. ئەوانەی دەنگیان بە پێدانی مۆڵەت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئەودیو سنوور دا، ئێستا شیوەن دەگێڕن."
 
هەروەها عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری هەدەپە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر ڤیدیۆی یەکێک لەو سەربازە دیلە کوژراوانەی ئەشکەوتەکەی گارەی بڵاوکردەوە و نووسیبووی: "خودای لێی خۆشبێت. خەمبارم، خۆزگە ئەنجامی هەوڵەکانمان بۆ چارەسەری و ئاشتی لەسەر ئەم خاکە دەبینی. یەکێك لە سەربازە دیلەکان دوو ساڵ و نیو بەر لە ئێستا ئەمانەی دەگوت. ئەو هەر کێ بێت، دەبوو ئێستا لە ژیاندا بووایە، کێشەکان بە مردن چارەسەر ناکرێن، پێویستە مرۆڤەکانمان بژین"
 
دەقی گوتەکانی عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری هەدەپە: 
 
دادگە سنووری بۆ جەم کوچوک دانا کە بە من و هودا کایای گوت تیرۆریست. دادگەی 75-می ئەسڵییە لە ئەنقەرە بڕی 6 هەزار و 620 لیرەی وەک سزای ماددەی بەسەردا سەپاند. ئەم سزادانە گرنگە، چونکە ئەو کەسانە پێویستە سزابدرێن کە بە ئاسانی دەزانن سووکایەتی بە مرۆڤ بکەن و قسەیان بۆ هەڵدەبەستن. من سووکایەتی بە هیچ کەسێک ناکەم؛ بەرامبەر ئەو کەسانەش کە سووکایەتیم پێدەکەن، بێ سڵکردنەوە رێگەی دادگە دەگرمەبەر. ئەمەم کرد و تاوەکو دوایین سات بەدوای دۆسیەکەوە بووم. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین

مەحموود عەباس لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێک پێشکێش دەکات

سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین دەچێتە تورکیا و لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە؛ دواتریش لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێک پێشکێش دەکات