ئەندامێکی کوردی کۆنگرەی یانەی فەنەرباخچە بۆ رووداو: گوتنی کوردستان ئاساییە
رووداو دیجیتاڵ
ئاردا ئیلاڵدی، ئەندامی کۆنگرەی یانەی فەنەرباخچە رایگەیاند، کوردستان گوزارشت لە ناوچەیەک و خەڵکێک دەکات و پێویستە یانەی فەنەرباخچە رووبەڕووی ئەم بابەتە ببێتەوە.
ئاردا ئیلاڵدی، ئەندامی کۆنگرەی یانەی فەنەرباخچە رۆژی 26-6-2024 لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسی ئەو گوشارانەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد کە ئێستا دەکرێنە سەری.
فەرهاد ئەنجو، پەرلەمانتاری هەدەپە لەو شەوەی هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە تورکیای بردەوە، لە ئێکسێکدا نووسی 'بژی پۆرتوگال'، بەشێک لە سیاسەتڤانان و کەسایەتییەکانی تورک کاردانەوەیان نیشاندا.
موحەڕەم ئینجە، سەرۆکی پارتی مەملەکەت یەکێک لەو کەسانە بوو کە قسەی نەشیاوی بۆ فەرهاد ئەنجو نووسیبوو و گوتبووی: "تۆ بێ نیشتمانیت". ئاردا ئێلاڵدی وەڵامی ئێکسەکەی ئینجەی دابووەوە و نووسیبووی: "بانگهێشتی کوردستانت دەکەم". ئەمەش کاردانەوەی لێکەوتەوە و ژمارەیەک لە ئەندامە تورکەکانی کۆنگرەی فەنەرباخچە داوای دەرکردنی ئێلاڵدی لە یانەکە دەکەن.
ئیلاڵدی لەبارەی ئەو هەڵمەتەی بەهۆی بەکارهێنانی وشەی کوردستان لە دژی دەستیپێکردووە، بە رووداوی گوت: "زۆر لە نووسەر، مێژوونووس و رۆژنامەڤان کوردستانی لە بابەتە مێژوویی، جوگرافی و جیۆکولتوورییەکان بەکارهێناوە. زۆربەی ئەو کاتانەی بەکارهێنراوە، لە قاڵبی ئەوە دەریدەکەن کە خاک و زێدی خەڵکە. هەموو جارێ بابەتەکە بە سیاسی کراوە و رووبەڕووی سزا و دادگەیی کراوەتەوە".
ئاردا ئیلاڵدی: ملیۆنان کوردم لەگەڵە
ئیلاڵدی رایگەیاند کە پێشتر لە فەنەرباخچە رووداوی لەمجۆرە رووینەداوە: "لە وڵاتەکەماندا لەڕێی جۆراوجۆرەوە پێش لە مرۆڤەکان دەگرن و رێگەنادەن بۆچوونی راستەقینەی خۆیان بخەنەڕوو. لە فەرنەرباخچە ژمارەیەکی زۆر ئەندام کۆنگرە هەن کە کوردن. هەروەها ملیۆنان کورد هاندەری فەرنەرباخچەن. بەڵام پێشتر هیچ ئەندامێکی کۆنگرەی فەنەرباخچە روونکردنەوەیەکی لەمجۆرەی نەداوە. من یەکەم کەسم لە فەنەرباخچە. پێموایە فەنەرباخچە دەبێت رووبەڕووی ئەم بابەتە ببێتەوە. چونکە ملیۆنان هاندەر لەگەڵ من هاوڕان. من نوێنەری ملیۆنانم نەک یەک کەس. بە مەبەستی دەرکردن، من دراومەتە لیژنەی دیسپلین. یانەی فەنەرباخچە کاتێک دادگەیی من دەکات، تەنیا ئەوە لەگەڵ من ناکات. بەڵکو ملیۆنان هاندەری کوردی خۆی دادگەیی دەکات. دڵنیام کە بڕیارەکەش بەگوێرەی ئەمە دەدات".
وشەی کوردستان 'لە دەستووریشدا کێشەی نییە
ئیلاڵدی لەبارەی بەکارهێنانی وشەی کوردستان گوتی: "کاتێک دەگوترێت کوردستان، گوزارشت لە ناوچەیەک و خەڵکێک دەکات. بێگومان ئەمە لە دەستووردا تاوان نییە. لە دیدی یانەکەشدا هەرگیز نابێتە تاوان. ئەگەر روونکردنەوەیەک لە دژی بەرژەوەندیی یانەکە نەبێت، باسکردنی ئایین، زمان، نەژاد و شوێنی ژیانی نابێتە تاوان. هەر بۆیە هیوادارم یانەی فەنەرباخچە بە لەبەرچاوگرتنی تەواوی ئەمانە، بڕیار بدات."
ئاردا ئیلاڵدی هەروەها باسی لەوە کرد، تێگەیشتنی حوکمڕانیی تورکیا لەسەر بنەمای 'حیساب بۆ نەکردن' سەیری پرسی کورد و بابەتی کوردستان دەکات، گوتیشی: "زۆر جار بینیومانە سیاسەتڤانان وشەی کوردستانیان بەکارهێنا و بەهۆیەوە مشتومڕ دروستبووە. بەڵام لەوانەیە ئەمە یەکەمینجار بێت لە جیهانی وەرزشدا وشەی کوردستان ببێتە بابەتی رۆژەڤ. بەهۆی ئەوەی لە تورکیادا هەموو شتێک پەیوەندیدارە بە سیاسیەتەوە، ئەم مشتوەمڕەش سیاسییە. چۆن کوردبوون ئاساییە، هێندەش برەودان بە کوردبوون و کولتوورەکەی ئاساییە. گوتنی کوردستانیش ئاساییە. هەموو گەلێک مافی خۆیەتی لەگەڵ تایبەتمەندی و شوناسی خۆی بژی".
ئەو ئەندامە کوردەی کۆنگرەی فەنەرباخچە، ساڵی 2017ی وەبیرهێنایەوە کاتێک عوسمان بایدەمیر لە پەرلەمان گوتی: "من نوێنەری کوردستانم".
ئیلاڵدی گوتی: "ئەوکاتەی لە پەرلەمان دەستەواژەی کوردستان لەلایەن عوسمان بایدەمیر بەکارهێندرا، ئایشەنوور باهچەکاپیڵی، بریکاری سەرۆکی ئەوکاتی پەرلەمان داوایکرد بایدەمیر سزا بدرێت. کاتێک لە بایدەمیری پرسی کوردستان لەکوێیە؟ بایدەمیر لە سنگی خۆی دا و دڵی نیشاندا و گوتی؛ کوردستان ئێرەیە".
ئەندامە کوردەکانی یانەی فەنەرباخچە پشتیوانی لە ئیلاڵدی دەکەن
سابیر تۆکتاش کە ئەندامێکی دیکەی کوردە لە کۆنگرەی یانەی فەنەرباخچە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە: "بۆچوونی سیاسیمان لەگەڵ کاک ئاردا جیاوازە. بەڵام ئەگەر هەر هەوڵێک بۆ دەرکردنی لە کۆنگرەی یانەکە بدرێت، من و هەزاران کوردی دیکە لە یانەی فەرنەرباخچە دەست لە کار دەکێشینەوە. با ئەمەش باش بزانن هەر دەزگا و دامەزراوەیەک کە کوردی تێدا نەبێت، ناتوانێت لەسەر پێ بوەستێت".
سابیر تۆکتاش هەروەها لە ئەکاونتی ئێکسیدا بڵاویکردووەتەوە کە ئەو کوردە و هیچ کەسێکیش ناتوانێت ناچار بە گوتنەوەی ' خۆشی لەوەی دەڵێت من تورکم'ی بکات.
بەشێک لەو مێژوونووس و نووسەرە تورکانەش کە بە سەرچاوە دادەنرێن، نکۆڵی لەوەدا ناکەن کە ئەو خاکە کوردستان بووە و تورکەکان زۆر دوای کوردەکان پێیگەیشتوون.
ئیلبەر ئۆرتایڵی، نووسەر و مێژوونووسی تورک لە بەرنامەی (تەکە تەک)ی کەناڵی خەبەرتورک وەڵامی پرسیارێکی لەبارەی مێژووی بوونی کورد و ئەرمەن لە ئەنادۆڵ دایەوە و گوتی: "کورد و ئەرمەنەکان زۆر پێش تورکەکان هاتوونەتە ئەنادۆڵ. مێژووی نووسراوی ئەرمەن لە سەدەی چوارەم دەستپێدەکات، بێگومان ئەوان پێش ئەوکاتەش لێرە بوون. کوردەکانیش زۆر دەمێکە لێرەن، تەنانەت دیاریکردنی مێژووی نووسینیان ئاسان نییە".
هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان رۆژی 19-11-2013 کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو، لە گوتارێکیدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا باسی لە دەستەواژەکانی کورد و کوردستان کرد.
ئەردۆغان وەڵامی جەهەپە و مەهەپەی دایەوە: "ئەم گەلە بێ ریشە نییە. پێویست ناکات زۆر دوور بڕۆین و بگەڕێنەوە بۆ 90 بۆ 100 ساڵ لەمەوبەر. بەرپرسان و پەرلەمانتارانی جەهەپە و مەهەپە با بڕۆنە کتێبخانەی پەرلەمان و پرۆتۆکۆڵی یەکەمین دانیشتنەکانی پەرلەمان بخوێننەوە. مەهەپە و جەهەپە لە یەکەمین تۆمارەکانی پەرلەماندا ئەو وشانە دەبینن کە ئەمڕۆ دژیان دەوەستنەوە؛ لە سەرووی هەموویانەوە لە گوتەکانی غازی مستەفا کەمال ئەو وشانە دەیبینن. وشەی کورد لەو پەرلەمانە دەبینن. وشەکانی جۆرجی، لاز، عەرەب و بۆسنە لەو تۆمارانەدا دەبینن. وشەی کوردستان لە تۆمارەکانی پەرلەمان دەبینن".
دوای تێکچوونی پرۆسەی ئاشتی، رەجەب تەیب ئەردۆغانیش رەتیکردەوە لە سنووری کۆماری تورکیادا هەرێمێک بەناوی کوردستان هەبێت و دەیگوت:"ئەوانەی کوردستانیان دەوێت، ئەوەتا لە باکووری عێراق هەیە و با بڕۆن لەوێ بژین".
وشەی کورد و کوردستان لە تورکیادا زۆربەی ئەو جارانەی کە بەکارهێنراوە، مشتومڕ و کێشەی بەدوادا هاتووە. ئەمە لەکاتێکدایە ئاڵای کوردستان و وشەی کوردستانیش لەڕووی یاساییەوە هیچ کێشەیەکی نییە.