لە ئیستەنبووڵ باڵەخانەیەکی چوار نهۆمی رووخا
رووداو دیجیتاڵ
لە ئیستەنبووڵ باڵەخانەیەک رووخا و پارێزگاریش رایگەیاند، هیچ کەسێک لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکەدا نەبووە و گیانلەدەستدان و برینداریش نییە.
کاژێر 05:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 27-6-2024) لە گەڕەکی زافەری ناوچەی باخچەلی ئێڤلەری ئیستەنبووڵ باڵەخانەیەکی چوار نهۆمی رووخا.
لەدوای رووداوەکە، ستافی فریاگوزاری و ئافاد گەیشتنە شوێنەکە و دەستیان بە گەڕان لە ژێر دار و پەردووی باڵەخانەکە کرد.
پارێزگای ئیستەنبووڵ راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە "ئەو باڵەخانە چوار نهۆمییەی بەشێکی رووخاوە، ساڵی 1970 دروستکراوە. هەر زوو تیمەکانی بەرگریی شارستانی، فریاکەوتن و ئاسایش گەیشتنە شوێنەکە. دوای گەڕان و پشکنین، تیمەکان دڵنیاییان دا کە هیچ کەسێک نەکەوتووەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکە و لە رووداوەکەدا هیچ گیانلەدەستدان و برینداربوونێک نییە."
وەکو رێوشوێنی پێویست، چەند باڵەخانەیەکی دەوروبەری ئەو باڵەخانە تەمەن 44 ساڵییە، چۆڵکران. کاری تیمەکانی پشکنینی تایبەت بە کوالیتیی باڵەخانەکان لە ناوچەکەدا دەستیپێکردووە.
رووخانی باڵەخانەکە لەکاتێکدایە کە هیچ بوومەلەرزەیەک لەو ناوچەیەدا رووینەداوە.
لە سەرەتای ئەم مانگەشدا (دووی حوزەیران) باڵەخانەیەکی دیکەی چوار نهۆمی لە گەڕەکی کارتالتەپە سەر بە ناوچەی کوچوک چەکمەجە لە ئیستەنبووڵ رووخا، کە لە ساڵی 1988ـەوە دروستکرابوو، لەئەنجامیشدا کەسێک گیانی لەدەستدا.