رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی دوو راپرسیدا سەبارەت بەوەی "کێ دەبێتە براوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا؟" کە یەکێکیان لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان کراوە و ئەوەی دیکەش لەسەر ئاستی 81 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کراوە. دەرکەوتووە؛ لە ئامەد کڵچدارئۆغڵو دەیباتەوە و لە هەموو تورکیا ئەردۆغان.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی HBS ئەنجامی راپرسییەکی بڵاوکردەوە کە لە ئامەدی باکووری کوردستان کردوویەتی. بەگوێرەی ئەنجامەکانی ئەو راپرسییە؛ هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کڵچدارئۆغڵو لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا، دەنگەکانیان لە ئامەد کەمدەکات. بە گوێرەی راپرسییەکی کۆمپانیای بەتیماریش، ئەردۆغان دەبێتەوە بە سەرۆککۆمار.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی HBS ئەنجامی راپرسییەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوکردەوە. لە راپرسییەکەدا دیدار لەگەڵ 910 هاونیشتمانی کراوە، کە رۆژی 14ـی ئایاری 2023 دەنگیان داوە.
بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەکە، رۆژی 28-5-2023 لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا، کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت رێژەی 67.2٪ـی دەنگەکان و، رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور رێژەی 25.8٪ـی دەنگەکانی ئامەد دەبەنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە؛ کڵچدارئۆغڵو لە گەڕی یەکەمدا رێژەی 71.9٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو، ئەردۆغانیش 26.4٪ـی دەنگەکان.
بەگوێرەی ئەنجامی ئەم راپرسییەش، هەردوو رکابەر لە ئامەدی باکووری کوردستاندا بەراورد بە گەڕی یەکەم، لەم گەڕەی هەڵبژاردندا دەنگ لەدەست دەدەن.
راپرسیی بەتیمار: ئەردۆغان دەیباتەوە
بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەکی دیکە کە کۆمپانیای بەتیمار، بۆ هەڵبژاردنی گەڕی دووەمی سەرۆککۆماری تورکیا کردوویەتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور 52.19٪ـی دەنگەکان لە تورکیا دەباتەوە و کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت 47.81٪ـی دەنگەکان دەباتەوە. بەمجۆرە ئەردۆغان وەکو دوازدەیەمین سەرۆککۆماری تورکیا بەردەوام دەبێت لە ئەرکەکەیدا.
راپرسییەکەی کۆمپانیای بەتیمار لە 25 و 26ـی ئایار لە 81 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا ئەنجامدراوە. تێیدا را و بۆچوونی 6 هەزار و 601 کەس لەبارەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکان وەرگیراوە و پرسیاری ئەوەیان لیکراوە "ئایا رۆژی یەکشەممە دەنگ بە کام بەربژێر دەدەن؟ لە وەڵامدا 52.19٪ـیان گوتوویانە ئەردۆغان و 47.81٪ـەکەی دیکەشیان گوتوویانە کڵچدارئۆغڵو.
سبەی (یەکشەممە، 28-5-2023) لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا، ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو دووبارە رکابەری دەکەن. ئەگەر ئەردۆغان بیباتەوە وەکو دوازدەیەمین سەرۆککۆماری تورکیا بەردەوام دەبێت لە ئەرکەکەیدا و ئەگەر کڵچدارئۆغڵو بیباتەوە، دەبێتە سێزدەیەمین سەرۆککۆماری تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ