لە تورکیا باجی سەر جگەرە و خواردنەوە کحولییەکان زیادکرا


رووداو دیجیتاڵ 

لە تورکیا باجی سەر خواردنەوە کحولییەکان بە رێژەی 25٪ و باجی سەر جگەرە بە رێژەی 10٪ زیاد کرا. 
 
بڕیارەکە ئەمڕۆ هەینی 27ـی ئایاری 2022 بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتە بڵاوکرایەوە. 
 
دوای راگەیاندنی بڕیارەکە، نرخی یەک لیتر عەرەق لە 481 لیرە و 98 قروشەوە گەیشتە 602 لیرە و 48 قروش. 
 
کەمترین بڕی باجی تایبەت لەسەر جگەرە کە 0.71 لیرە بووە بۆ  0.78 لیرە بەرزکرایەوە، بەمەش نرخی هەر پاکەتێک جگەرە یەک لیرە و 69 قروش زیادکرا.
 
بەپێی بڕیارەکە نرخی گرانترین پاکەتی جگەرە بە 23 لیرە و 50 قروش و هەرزانترین پاکەتی جگەرە بە 29 لیرە و 50 قروش دەستنیشانکراوە. 
 
لە تورکیا ساڵانە دوو جار باج دەخرێتە سەر نرخی جگەرە، لە بازاڕەکانی ئەو وڵاتەدا ماڵبۆرۆ گرانترین جۆری جگەرەیە. لە 23ی ئایاری 2022دا نرخی یەک پاکەت لە باشترین جۆر جگەرەی ماڵبۆرۆ-Marlboro Roll بە 50  لیرە و 27 قروش بوو، هەرزانترین پاکەتی جگەرەش کە L&M یە پاکەتی بە 25 لیرە و 50 قروش بوو.