رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی شکستەکەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان دا، ئەمڕۆ ئیی پارتی پێنجەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی دەبەستێت. سەرۆکی حیزبەکەش دەڵێت، "خۆم بەربژێر ناکەم و ئامادەم باجی خراپیی ئەنجامی هەڵبژاردن بدەم."
بڕیارە کاژێر 11:00ی ئەمڕۆ شەممە 27ی نیسانی 2024 ئیی پارتی لە هۆڵی کۆنگرەکانی ATO Congresium لە ئەنقەرە، پێنجەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی ببەستێت. بڕیاری ئەنجامدانی کۆنگرەکە لە ئەنجامی گوشاری بەردەوامی رێکخستنەکان و کۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئەو پارتە درا.
رۆژی 8ی ئەم مانگە مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بەربژێرنەبوونی بۆ کۆنگرەی نائاسایی ئیی پارتی راگەیاند. ئاکشەنەر گوتی، ئامادەیە بەرپرسیارێتی و باجی خراپیی ئەنجامی هەڵبژاردن بدات.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا کە رۆژی 31-03-2024 بەڕێوەچوو، ئیی پارتی رووبەڕووی شکستێکی گەورە بووەوە و تەنیا شارەوانییەکی بردەوە، ئەوەش بووە هۆی تووڕەبوونی ئەندام و لایەنگرانی ئەو پارتە و زۆربەیان داوایان لە مەراڵ ئاکشەنەر کرد دەست لەکاربکێشێتەوە.
رۆژی 5ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئیی پارتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بەستنی کۆنگرەی نائاسایی کرد و بە زۆرینەی دەنگی ئەنجوومەنەکە بڕیار درا رۆژی 27ی نیسانی 2024 کۆنگرەی نائاسایی ببەسترێت.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی مەراڵ ئاکشنەردا هاتووە، "دەزانم بە تەنیا باجی هەڵوێستەکانم دەدەم بەوەی رێگریم کرد ئیی پارتی ببێتە پاشکۆی گەورەترین حیزبی ئۆپۆزیسیۆن و بکرێتە سێبەری کەسێک کە زۆر لەمێژە چاوی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییە لە ساڵی 2028 (مەبەست لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵویە). هەروەها بە تەنیا باجی ئەوە دەدەم کە رێگریم کرد هیچ لایەنێکی سیاسی و سیاسەتڤانێک هەژموونی بەسەر ئیی پارتیدا هەبێت. لەمەودوا بەرپرسیار نابم لە هەر کارەساتێک رووبەڕووی ئیی پارتی ببێتەوە؛ بۆیە بۆ گەلی مەزنی تورک رادەگەیێنم کە خۆم لە کۆنگرەی نائاسایی حیزبەکەمان بەربژێر ناکەم."
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کە لە 31ی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو، ئیی پارتی تەنیا سەرۆکایەتیی شارەوانیی پارێزگای یۆزگاتی بردەوە و لە سەرانسەری تورکیادا یەک ملیۆن و 735 هەزار و 924 دەنگی بەدەستهێنا کە رێژەی دەنگەکانی 3.77% بوو.
ئەوە لە کاتێکدایە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کە لە رۆژی 14ی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، ئەو پارتە 4 ملیۆن و 803 هەزار و 774 دەنگ کە دەیکردە رێژەی 8.82%ی دەنگەکانی بردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ