ئاڵای کوردستان لە نێو هۆڵی پەرلەمانی تورکیا بەرزکرایەوە

27-03-2025
کۆسار عوسمان @KassoOsman
وێنەی پەرلەمانتارەکە لە کاتی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان
وێنەی پەرلەمانتارەکە لە کاتی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە، 26-3-2025ـی پەرلەمانی تورکیادا سرری ساکک، پەرلەمانتاری دەم پارتی پۆستەرێکی ئاڵای کوردستانی لەکاتی پێشکێشکردنی گوتاری نێو پەرلەمان بەرزکردەوە. ئەمە کاردانەوەی پەرلەمانتارانی ئیی پارتیی بەدوای خۆیدا هێنا و گرژی لە هۆڵی پەرلەمان دروست بوو. 
 
ساکک: ئاڵای کوردستان لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغا دەشەکێتەوە
 
سرری ساکک ئاڵای کوردستانی بەرزکردەوە و گوتی: "سەیرکەن هاوڕێیانی خۆشەویست! ئەمەی دەیبینن ئاڵای کیانی باشووری کوردستانە. ئەمە لە عێراق دەستوورییە و نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم[ی کوردستان] دەکات. هەندێک لە سنوور دەرچوو بەم ئاڵایە دەڵێن پەڕۆ. سەیرکەن کاتێک نوێنەرانی ئەوێ [هەرێمی کوردستان] دێنە ئێرە، لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغا ئاڵای تورک و ئەم ئاڵایە لە تەنیشت یەکدی دەشەکێنەوە. بەڵام پەڕۆی راستەقینە عەقڵی ئێوەیە، نەژادپەرستی و دوژمنداریکردنی ئێوەیە لە بەرامبەر کورد. تورکیا لەوێدا نوێنەرایەتیی هەیە و مانگانە ملیارێک دۆلار هەناردەی بۆ ئەوێ هەیە، باشە ئێوە بۆچی ئەوەندە دوژمنی کوردن؟"
 
تورکئۆغڵو: بارزانیستان هەڕەشەیە بۆ سەر تورکیا
 
یوکسەل سەلچوک تورکئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئیی پارتی لە گوتاری نێو پەرلەمانیدا گوتی: "بارزانی، دوای عێراق، ئەرکی دامەزراندنی دووەمین کیانی جوداخوازیە لە تورکیا. نەزانیی راستەقینە ئەوەیە بانگەشەی یەکێتیی خاکی تورکیا بکەیت و بارزانیستان بە هەڕەشە نەزانیت. 
 
ئەو پەرلەمانتارەی ئی پارتی گوتیشی: "ئەوەی ئێوە پێیدەڵێن پەیوەندیی بازرگانی، پێشمەرجی پەکەکە بوو بۆ ئەم قۆناخە. ئەو بەناو کیانە، بە داگیرکردنی کەرکووک، هەولێر و ناوچەی تورکمەنئەلی، بە رووخاندنی فەرمانگەی ناسنامەی تورکمانەکان و فەرمانگەی تاپۆی ئەوان بونیات نرا".
 
تورکئۆغڵو هەروەها لەبارەی ئەم پرۆسەیەی ئێستا لە نێوان حکومەت و دەم پارتی هەیە کرد و  گوتی: "ئێوە هەر چ درۆیەک دەکەین بیکەن، ئەم پرۆسەیە ناپاکییە. ئەوەی وا لە ئیمراڵی پاڵکەوتووە، بکوژی کۆرپە، سەردەستەی جوداخوازان و ئاپۆی دڕندەیە".
 
پەرلەمانتارانی دەم پارتی بەرپەرچیاندایەوە و لە نێو هۆڵی پەرلەماندا گرژی دروستبوو.
 
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، چووە سەر سەکۆی گوتار پێشکێشکردن و گوتی:"لەم وڵاتەدا کەسانێک دەیانەوێت بە مشەخۆری لەسەر خوێن، فرمێسک و مەینەتی بژین. کەسانێک دەیانەوێت کێشەی کورد بۆ هەمیشە بەردەوام بێت".
 
هەروەها سەبارەت بەو پرۆسەیەی ئێستا لە نێوان حکومەت و دەم پارتی دەستیپێکراوە، گوڵستان کڵچ کۆچیغیت گوتی: "ئێستا ئێمە لێرەدا باس لە پرۆسەیەکی مێژوویی دەکەین. باسی چارەسەری دیموکراسیانەی کێشەی کورد دەکەین. بەڵام هەندێک لە پەرلەمانتاران بە زۆر هەوڵدەدەن زمانێک بەکاربهێنن بۆ ئەوەی پرۆسەکە ژەهراوی بکەن. من ئەم شێوازی قسەکردنە قبووڵ ناکەم و ئەوە هەر لە خۆیان دەوەشێتەوە. قسەی خراپ بۆ خاوەنەکەیەتی، ملیۆن جار جارانی دەکەم و ئاراستەی خۆی (تورکئۆغڵو) دەکەمەوە. ئەو گوتانەی لەسەر بەڕێز ئۆجەلان کردی و ئەوانەش کە لەسەر گەلی کورد کردی، هەمووی ئاراستەی خۆی دەکەمەوە". 
 
تورهان چۆمەز، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی وەڵامی هاوتا دەم پارتییەکەی دایەوە و گوتی:"دەزانی بۆچی گوتی پەڕۆ؟ با بۆتانی روون بکەمەوە، چونکە پەڕۆیە و ئاڵا نییە".
 
لەوکاتەدا پەرلەمانتارانی دەم پارتی بە دەنگی بەرزەوە دەیانگوت:"بە تەربیەتەوە قسە بکە".
 
تورهان چۆمەز بەردەوام بوو لە قسەکانی و گوتی:"ئەو ئاڵایە لەلایەن تیرۆرستانی پەیەدە و یەپەگە بەکاردەهێنرێت. لە قەندیل بەکاری دەهێنن. وشەی پەڕۆ لە شوێنی خۆی بەکارهێندراوە".    
 
کۆچیغیت: تۆ کێیت بە ئاڵای کوردان دەڵێیت پەڕۆ؟
 
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی چووە سەر سەکۆی گوتاردانی پەرلەمان و رووی دەمی لە ئیی پارتی کرد و گوتی: "سیمبوڵ و دەستکەوتەکانی گەلی کورد بۆچی ئێوە ناڕەحەت دەکات؟ هەرێمی کوردستانی عێراق لە نێو خاکی عێراق و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ناسراوە. بۆ ئێمەش گرنگە. ئەوە سنووری تۆیە بە ئاڵاکەی بڵێیت پەڕۆ؟ تۆ کێیت بە ئاڵای کوردان دەڵێیت پەڕۆ؟".
 
چۆمەز: پرۆژەکە لە عێراق جێبەجێکرا و لە سووریاش وا خەریکە
 
تورهان چۆمەز، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی لە وەڵامی فراکسیۆنی دەم پارتیدا گوتی:"لە ناوچەکەدا پرۆژەیەک جێبەجێ دەکرێت کە پرۆژەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گەورەیە. لە عێراق جێبەجێکرا و لە سووریاش وا جێبەجێ دەکرێت. ئێوە وەکو بەشێک لەم پرۆژەیە، ناپاکی دەکەن".
 
'ئیی پارتی رۆژ بە رۆژ بچووکتر دەبێتەوە'
 
ئیی پارتی رۆژی 25-10-2017  لەلایەن مەرال ئاکشەنەر راگەیێندرا و هەر خۆشی بووە سەرۆکی پارتەکە. 
 
ئیی پارتی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 2018'دا 9.69٪ی دەنگەکانی بردەوە و 43 کورسیی پەرلەمانی تورکیای بەدەستهێنا. 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 14-5-2023'دا 9.6٪ی دەنگەکانی بردەوە و دووبارە 43 کورسیی بەدەستهێنا. 
کێشەی نێوخۆیی و ناکۆکی لە نێو ئیی پارتی دروستبوو و لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کە 31-3-2024 بەڕێوەچوو، ئەو پارتە تەنیا 3.7٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. لە کۆی 81 شارەوانیی پارێزگاکان تەنیا یەک شارەوانیی بردەوە.
 
ئەگەرچی رۆژی 27-4-2024 لە پێنجەمین کۆنگرەی نائاساییدا دەرڤیشئۆغڵو چووە شوێنی مەرال ئاکشەنەر بووە سەرۆکی پارتەکە، بەڵام کێشەکان بەردەوامن و پەرلەمانتارانی ئیی پارتی بەردەوامن لە دەستلەکارکێشانەوە.
 
ئیی پارتی لەو 43 کورسیی هەیبوو، ئێستا 28ی بۆ ماوەتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە