ئەردۆغان: خاوەن گەنجترین دانیشتووی جیهانین، بەڵام منداڵەکانمان دەکەینە قوربانیی براکوژی

27-03-2025
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، هەرچەندە خاوەنی گەنجترین دانیشتووی جیهانن، بەڵام منداڵانیان دەبنە قوربانیی براکوژی.
 
لە کاتی بەشداریکردنی لە پرۆگرامێکی پێشبڕکێی قورئانخوێندن کە شەوی چوارشەممە (26-3-2025) لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی لە برایەتی و تەبایی وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەتیش موسڵمانان کرد.  
 
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە "پەرتەوازەیی جیهانی ئیسلامی کرد کە هۆکارە بۆ ئەوەی نەتوانن یەکگرتن." 
 
ئەردۆغان گوتی "سەیری هەر کوێی جوگرافیاکەمان بکەیت، ناسەقامگیری، پێکدادان، پشێوی و براکوژی دەبینین. بەهۆی سەرقاڵبوونمان بە پرسە نێوخۆییەکانەوە، بەداخەوە بەگوێرەی پێویست ناتوانین سەرنج بخەینە سەر جیهانی دەرەوە و دەرفەتەکانی دەرەوە. مەزهەب، نەژاد و دەمارگیریی هۆزگەرایی، وزەی موسڵمانان ناهێڵێن." 
 
ئەردۆغان رایگەیاند ئێستا ناچارن، بێ ئەوەی گوێ بدرێتە جیاوازیی نێوان تورک، کورد، عەرەب، فارس، ئاسیایی، ئەفریقایی، رەشپێست و سپیپێست، وەکو جیهانی ئیسلام باوەشی برایەتی بۆ یەکدی بکەنەوە. گوتیشی "سەرەڕای ئەوەی خاوەن گەنجترین دانیشتووانی جیهانین، بەڵام منداڵەکانمان کە داهاتوومانن، دەکەینە قوربانیی براکوژی. دیوارەکانی فیتنە و دووبەرەکی کە سەدەیەک لەمەوبەر ئیمپریالیستەکان هەڵیانچنیوە و ساڵانێکە بەردەوام گەورە دەبێت، بەنیگەرانییەوە دەڵێم، چی دەکەین ناتوانین بیانڕووخێنین".
 
ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا هەروەها رەخنەی تووندی لە ئیسرائیل گرت و بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە دژی فەڵەستینییەکان تۆمەتباری کرد.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە