رووداو دیجیتاڵ
زەکەریا یاپیجیۆغلو، سەرۆکی هوداپار لەبارەی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پەکەکە لەبەردەم چارەسەرکردنی پرسی کورد دا ئاستەنگ بوو."
دوای ئەوەی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئێوارەی پێنجشەممە 27-2-2025 لەلایەن شاندی دەم پارتییەوە خوێندرایەوە کە داوا لە پەکەکە دەکات چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، سەرۆکی هوداپار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "روونکردنەوەیەکی چاوەڕوانکراو بوو. بابەتەکە لە نێوان دوو شت مابووەوە؛ یان دەبوو هەڵوەشانەوەی پەکەکە رابگەیێنێت، یانیش بانگەواز لە پەکەکە بکات بۆ ئەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. (ئۆجەلان) دووەمیانی کرد کە ئەمەش بە مانای هەندێک زیاتر درێژکردنەوەی پرۆسەکە دێت".
سەرۆکی هوداپار بانگەوازەکەی بە گرنگ وەسفکرد و گوتی:"پەنابەخوا پەکەکە پابەندی ئەو بانگەوازە دەبێت. چەک و بوونی پەکەکە لەبەردەم چارەسەرکردنی پرۆسەی کورد دا ئاستەنگی گەورەیە. ئەگەر ئەو ئاستەنگە نەمێنێت، پەنا بەخوا کورد سوودمەندترین دەبن. لەکاتێکدا کورد گەورەترین زیانیان دەبینی".
یاپیجیۆغلو هەروەها هیوای خواست ئەو هەنگاوە ببێتە مایەی خێر و خۆشی.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-2-2025 شاندی دەم پارتی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بڵاوکردەوە. شاندەکە لە ئیستەنبووڵ پەیامەکەی سەرەتا بە زمانی کوردی، دواتریش بە زمانی تورکی بڵاوکردەوە.
پارتی هوداپار
- پارتی دۆزی ئازاد کە ناسراوە (ھوداپار) کورتکراوەکەیەتی، پارتێکی ئیسلامیی سوننەی کوردییە و رۆژی 19-11-2012 دامەزراوە.
- هوداپار تاوەکو ئێستا بەشداری لە پێنج هەڵبژاردندا کردووە و زیاتر لە 11 هەزار و 500 ئەندامی هەیە.
- لە هەڵبژاردنی پەرلەمانییی 2018ـی تورکیا 157 هەزار و 324 دەنگی هێنا، کە رێژەی 0.31%ـی دەنگەکانی تورکیا بوو.
- ئەوکات هوداپار نەیتوانی هیچ کورسییەک لە پەرلەمان مسۆگەر بکات، بەڵام لە هەڵبژاردنی 14-5-2023 هوداپار لە ژێر چەتری هاوپەیمانیی جمهوور کە ئاکپارتی سەرکردایەتیی دەکات، بەشداری لە هەڵبژاردندا کرد و چوار کورسی لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، مێرسین، ئێلیهـ و دیلۆک بردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ