رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێكی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ئیستەنبووڵ، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی بەیکۆز ـی جەهەپە و 20 کەسی دیکە، بەتۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەرکران.
ئۆپەراسیۆنەکە کاژێر 04:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە) لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی بەیکۆز کرا کە بەتۆمەتی "ساختەکاری لە تەندەردا" فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ 4 کەس دەکرد، لەنێویاندا عەلائەدین کۆسەلەر، سەرۆکی شارەوانیی بەیکۆز، هەروەها بە تۆمەتی "ساختەکردن لە تەندەر" و "دامەزراندنی رێکخراو بە ئامانجی تاوان و ئەندامبوون و هاوکاریکردنی" فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ 17 کەس دەرکرد.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکە، تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی دارایی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی 21 کەسە داواکراوەکە و دەستبەسەریان کردن.
پشکنینی تیمەکانی پۆلیس لە باڵەخانەی شارەوانی بەیکۆز بەردەوامە.
ئۆزگور چەلیک، سەرۆکی ریکخستنەکانی جەهەپە ـی ئیستەنبووڵ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند "عەلائەدین کۆسەلەر، سەرۆکی شارەوانی بەیکۆزمان لە کاژێر 04:00 بەرەبەیان دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی، دەستبەسەرکرا."
چەلیک هەروەها گوتی "ئەم مامەڵەیە لەگەڵ سەرۆکشارەوانییەکی تەمەن 65 ساڵ کە شوێنی نیشتەجێبوونی دیارە و لەکاتی بانگهێشتکردندا دەچێت و گوتەکانی خۆی دەدات، دوائەڵقەی زنجیرەی ستەمکارییە. ئێمە لە تەنیشت سەرۆکی شارەوانیمانەوە وەستاوین. ئێمە لەگەڵ پارێزەران و رێکخراوەکەمان بەدواداچوون بۆ پرۆسەکە دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ