رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند لە ئەنجامی چەند پرۆسەیەکی سیاسی، هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەت و دوورگەی 'تیرۆر-ستان' لە باشووری تورکیا دەدرێت و ئەنقەرە دەزانێت کێ لە پشت ئەو بابەتەیە.
دوای کۆبوونەوەی ناوەندی بەڕێوەبردن و بڕیاری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) ئێوارەی دووشەممە، 26-2-2024 عومەر چەلیک، گوتەبیژی پارتەکە گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی لە چەند مژارێکی کۆبوونەوەکە کرد.
عومەر چەلیک باسی لەوە کرد، لەکاتێکدا بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانی لە ئارادایە، پاراستنی ئاسایش و 'بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر' لە وڵاتەکەدا بەردەوامە.
سەبارەت بە سنوورەکانی باشووری تورکیا عومەر چەلیک گوتی: "لەکاتێکدا بەرەنگاربوونەوەمان لەگەڵ رێکخراوە تیرۆریستییەکان بەردەوامە، ئامانجی سەرەکیمان پاراستنی ئاسایشی نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتمانە."
گوتیشی، ئەوە "رێگەنەدانە بەوانەی لە ئەنجامی چەند پرۆژەیەکی سیاسی، دەیانەوێت دوورگەکانی تیرۆر-ستان لە دەوروپشتی سنوورەکانمان دروستبکەن. ئەو پێداگرییەی تائێستا هەمانە، نیشانیداوە لە هیچ هەلومەرجێکدا رێگە بەوانە نادرێت کە دەیانەوێت لە نزیک سنوورەکانمان تیرۆر-ستان دابمەزرێنن".
گوتەبێژی ئاکپارتی: رێگە بە دروستکردنی تیرۆر-ستان نادەین
تورکیا سێ جار لەڕێی ئۆپەراسیۆنەوە چووەتە نێو خاکی رۆژئاڤای کوردستان و سووریا. ئابی 2016 سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی "قەڵخانی فورات"ی لە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا بەرەو باکووری سووریا دەستپێکرد و ناوچەکانی ئەلباب، راعی و عەززاز سەر بە پارێزگای حەلەبی کۆنترۆڵکردن.
هەروەها رۆژی 20ی کانوونی دووەمی 2018 لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەناوی 'چڵە زەیتوون' لەشکرکێشیی کردە سەر عەفرینی رۆژئاوای کوردستان. رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2019یش لە ئۆپەراسیۆنێک بە ناوی "کانیی ئاشتی" شارۆچکەکانی گرێسپی و سەرێکانیی لە رۆژئاوای کوردستان خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.
عومەر چەلیک لەمبارەیەوە گوتی: "دەزانین ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکانی قەڵخانی فورات و چڵەزەیتوون بەو هێزەوە نەکرایە، کەسانێک لە چوارچێوەی پرۆژەی سیاسیی وەها کە نەخشەی ناوچەکە دەگۆڕێت، هەروەها بە هیوای تاریکەوە هەوڵیاندەدا لە نزیک سنوورەکانماندا، چەند ناوچەیەکی تیرۆر-ستانیان و دەوڵەتۆچکە دروستبکەن. دەشزانین کێیان لە پشتە. تائێستا رێگەمان بەوانە نەداوە و لەمەودواش رێگەیان پێنادەین".
گوتەبێژی ئاکپارتی باسی لەوە کرد، "ئەو هەنگاوانەی تورکیا وەک چۆن ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا دەپارێزێت"، هاوکات بە گوتەی خۆی: "ئاسایشی وڵاتانی دراوسێی تورکیاش دەپارێزێت".
چەلیک لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی دراوسێ لەمەڕ ئەم بابەتە گوتی: "ئەگەر دراوسێکانمان لە بابەتی لەنێوبردنی ئەو رێکخراوە تیرۆرستییانە، لە کات و شوێنی پێویستدا توانای پێویست بەکاربهێنن، ئەوە هیچ کێشەیەک نامێنێت، بەڵام کاتێک ئەو هەنگاوە نانرێت، تورکیا لە چوارچێوەی ئەو رەوایەتی و دەسەڵاتەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێیدراوە، مافی خۆی بەکاردەهێنێت".
عومەر چەلیک هەروەها باسی لەو دیدارانەی ئەمدواییەی بەرپرسانی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد و گوتی: "لەم دواییانەدا چەند بابەتێک لە عێراق دەبنە رۆژەڤ. هەڤاڵانمان دوابەدوای یەکدی سەردانی عێراقیان کرد. ئەوان جەختیان لەسەر ویستی بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی رێکخراوە تیرۆرستییەکان کردەوە؛ هەم بۆ لەنێوبردنی ئەو رێکخراوانە و هەمیش بۆ سەلامەتی و داهاتووی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان کە پلانمان وایە لە عێراق جێبەجێی بکەین".
رۆژی 16-2-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاساییشی میونشن، گەیشتە ئەڵمانیا. لە بەشێكی سەردانەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە و بيروڕايان لەبارەی دواپێشهاتهكانى ناوچهكه بهگشتى، گۆڕييهوه.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ههردوولا جهختيان له پاراستنى ئاساييش و سهقامگيرى و هاريكاريى هاوبهشى توركيا لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان كردهوه بۆ بهرهنگاربوونهوهى ههڕهشه و مهترسييهكان لهسهر ئاساييش و ئاراميى ههردوو وڵات.
رۆژی 13-2-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئیمارات کۆبوونەوە و بەشێکی گفتوگۆکانیان لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە بوو.
ئێوارەی رۆژی 06-02-2024 یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا و مەتین گوراک، سوپاسالاری ئەو وڵاتە گەیشتنە هەولێر، ئەوەش دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە بەغدا.
یاشار گولەر رۆژی 07-02-2024 لە هەولێر بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە.
پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان
بەگوێرەی ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا، بڕیارە ساڵی 2025 کارەکانی دروستکردنی بەندەری گەورەی فاو تەواو بکرێن. ھەروەھا 90 لەنگەرگە بۆ لەنگەرکردنی کەشتی لەو بەندەرەدا دروست دەکرێت.
پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان کات و تێچووە بازرگانییەکان کەمدەکاتەوە، ئەویش بە کورتکردنەوەی مەودای نێوان چین و ئەوروپا، بەراورد بە رێگەی دەریایی کە بە نۆکەندی سوێسدا تێدەپەڕێت.
تورکیا پشتگیری لەم پرۆژەیە دەکات و بەرپرسانی باڵای ئەنقەرە چەند جارێک گوتوویانە، "لەنێوبردنی پەکەکە بۆ سەلامەتیی ئەو پرۆژەیە گرنگە."
رۆژی 13ی ئەیلوول ھاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاندبوو عێراق، ئیمارات، تورکیا و قەتەر لە دیدار و کۆبوونەوەی چڕدان لە بارەی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان.
تورکیا و عێراق پەیوەندییەکی تووندوتۆڵی ئابوورییان هەیە، بەپێی داتاکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، قەبارەی بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا بە هەرێمی کوردستانەوە، ساڵانە 22 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ