بەربژێربوونی هاوژینی دەمیرتاش بۆ ئیستەنبووڵ بووەتە رۆژەڤی تورکیا
رووداو دیجیتاڵ
باشاک دەمیرتاش هاوژینی سەڵاحەدین دەمیرتاشە، دەنگۆی بەربژێربوونی باشاک بۆ گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ بووەتە باسێکی گەرمی سیاسەت و رۆژەڤی تورکیا. هەرچەندە هاوژینەکەی دەمیرتاش بە فەرمی هیچ داواکارییەکی نییە، بەڵام دەڵێت، دەم پارتی داوا بکات، ئەو ئامادەیە.
رۆژی هەینی رابردوو، 26ـی کانوونی دووەمی 2024، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، "باشاک دەمیرتاش هاوڕێ و هاوڕێبازی ئێمەیە. لە هەڵبژاردنەکەی 14ـی ئایاریش کاری لەگەڵدا کردووین و بەشداری لە میتینگەکاندا کرد. ئەگەر رۆژێک باشاک دەمیرتاش بیەوێت سیاسەت بکات، بێگومان ناونیشانەکەی دەم پارتی دەبێت."
بە گوێرەی راپرسییەکی ناوەندی لیکۆڵینەوەی راوەست، 69.9٪ـی دەنگدەرانی کورد لە ئیستەنبووڵ دەیانەوێت دەم پارتی بەربژێری بۆ گەورەشارەوانی هەبێت، هەروەها 34.3٪ لەگەڵ ئەوەدان بەربژێرەکە باشاک دەمیرتاش بێت.
لە هەڵبژاردنەکەی 2019 دەم پارتی (هەدەپەی پێشوو) پشتیوانیی لە هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆن کرد، بەڵام بۆ ئەمجارە دەڵێت، تەنیا بە فەرمی و شەفافی هاوپەیمانی دەکات، ئەگەرنا لە ئیستەنبووڵ لیستی خۆی دەبێت.