رووداو دیجیتاڵ
شوێنی پارتەکان لەسەر پسوولەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لە رێی تیروپشکەوە دیاریکرا و ئاکپارتی لەسەر پسوولەکە ژمارە 1 ـە و دەم پارتیش ژمار 9 ی بەرکەوت.
دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا (YSK) ئەمڕۆ شەممە، 27-1-2024، لەڕێی تیروپشکەوە شوێنی پارتە سیاسییەکانی لەسەر پسوولەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دیاریکرد.
هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا کە بریارە رۆژی 31-3-2024، بەڕێوەبچێت، لە ئەمڕۆوە پسوولەکەی دیارە و دەنگدەران دەتوانن وەکو ئاسانکارییەک زووتر شوێنی ئەو پارتانە بزانن کە دەنگی پێدەدەن. ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، کە ناوی 35 پارتی سیاسی خراونەتە تیروپشک و ژمارەیان پێدراوە.
رۆژی 2ـی کانوونی دووەمی 2024، ناوی ئەو لایەنە سیاسییانە بڵاوکرایەوە کە مافی بەشداریکردنیان هەیە لە هەڵبژاردنەکەدا. رۆژی 11ـی کانوونی دووەم، لایەنە سیاسییەکان لیستی ناوی بەربژێرەکانیان پێشکێشی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان کرد. رۆژی 27ـی کانوونی دووەم، شوێنی بەربژێری لایەنە سیاسییەکان لە پسوولەی دەنگدان دیاریکرا.
بە گوێرەی رۆژ ژمێری دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، رۆژی 31ـی کانوونی دووەم، دوایین رۆژی پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێرەکان دەبێت و کاژێر 17:00ـی رۆژی 20ـی شوباتیش دوایین وادە دەبێت لە بەرامبەر لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی لەناو لیستی بەربژێرەکانیاندا، ناوی بەربژێری سەرۆکی گەورەشارەوانییەکان، سەرۆک شارەوانیی شارەکان، سەرۆک شارەوانیی شارۆچکەکان، ئەندامی ئەنجوومەنەکانی گەورەشارەوانییەکان و شارەوانیی شارەکان و شارەوانیی شارۆچکەکان دەستنیشان بکەن و پێشکێشی بکەن.
رۆژی 3ـی ئادار، دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لیستی کۆتایی و یەکلاکەرەوەی بەربژێرەکانی شارەوانییەکان لە شار و شارۆچکەکان بڵاودەکاتەوە. رۆژی 21ـی ئادار، بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەستپێدەکات و کاژێر 18:00ـی رۆژی 30ـی ئادار بانگەشە کۆتایی پێدێت.
ژمارەی بەشێک لە لیستەکان لەسەر کارتی دەنگدان:
(1) ئاکپارتی
(2) ئیی پارتی
(9) دەم پارتی
(18) جەهەپە
(20) هوداپار
(31) مەهەپە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ