ئەمریکا فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 16ـی بە تورکیا پەسند کرد

رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی ئەمریکا فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 16ـی بە تورکیا پەسندکرد و بڕیارە بە بەهای 23 ملیار دۆلار 40 جۆری ئەو فڕۆکەیە بە تورکیا بفرۆشێت. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە تورکیا ئەندامێتی سوێدی لە هاوپەیمانیی ناتۆ پەسند کرد.
 
 رۆژی هەینی 27ـی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 16ـی بە تورکیا راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، کۆنگرێس لە بڕیارەکە ئاگادار کراوەتەوە.
 
ئەمریکا چەند ساڵێکە لەگەڵ تورکیا لە هەندێک بواردا کێشەی هەیە و ئەوەش کاریگەری لەسەر پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوانیان هەبووە. 
 
تورکیا لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 داوای لە ئەمریکا کرد کە 40 فڕۆکەی جۆری ئێف 16ی پێ بفرۆشێت.
 
هەرچەندە ئیدارەی بایدن پشتیوانی لە فرۆشتنی فڕۆکەکانی ئەمریکا بە تورکیا کرد، بەڵام ناڕەزایەتی لە کۆنگرێس لەبارەی نزیکبوونەوەی تورکیا و رووسیا، دۆخی مافی مرۆڤ لە تورکیا، ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و دواینیشیان دواخستنی ئەندامێتی سوێد لە ناتۆ وایکرد فرۆشتنی فڕۆکەکان بە تورکیا دوابکەوێت.
 
بێن کاردن، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "رەزامەندی من بۆ داواکەی تورکیا بۆ کڕینی فڕۆکەی ئێف 16 بەند بوو بە قبووڵکردنی ئەندامێتی سوێد لەلایەن تورکیاوە".
 
کاردن گوتیشی، "بە هەڵە تێمەگەن؛ ئەوە بڕیارێک نەبوو بە ئاسانی درابێت".
 
لە نیسانی 2022دا و دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، فینلاند و سوێد پێکەوە داواکارییان پێشکێش بە هاوپەیمانیی ناتۆ کرد بۆ ئەندامبوون لە هاوپەیمانییە سەربازییەکە.
 
رۆژی 4-3-2023 لە بنکەی سەرەکیی هاوپەیمانیی ناتۆ لە برۆکسل، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ و ساولی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە فەرمی ئەندامێتیی فینلاندیان لە هاوپەیمانییە سەربازییەکە راگەیاند و بەو جۆرەش فینلاند بووە 31مین ئەندامی رێکخراوەکە.
 
حکومەتی هەنگاریا تاکە وڵاتە کە تاوەکو ئێستا داواکاری سوێدی بۆ بوون بە ئەندامی هاوپەیمانیەتییەکە پەسند نەکردووە و هەنگاریا دەڵێت، سیاسەتمەدارانی سوێد رەخنە لە سیستمی دیموکراسی وڵاتەکەی دەگرن و ئەوەش شیاوی قبووڵکردن نییە.
 
هاوپەیمانێتیی ناتۆ لە 31 ئەندام پێکدێت. بەگوێرەی بڕگەی 5ـی پەیماننامەی ناتۆ کە لە ساڵی 1949 واژۆ کراوە، هەر هێرشێك بکرێتە سەر ئەندامێکی ناتۆ، بە هێرشی سەر هەموو ئەندامەکانی دادەنرێت و دەبێت هەموو ئەندامەکانی وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە.