بەرپرسێک لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بە زمانی کوردی هەواڵێک بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە تورکیا پەرتووکی "رۆژنامەگەری راستەقینە و ئەخلاقی میدیایی" بە زمانی کوردی چاپ و بڵاوکرایەوە، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیالمیدیا هەواڵەکەی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە.
فەخرەدین ئاڵتوون، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە هەژماری تایبەتی خۆی رایگەیاند، دوای بڵاوکردنەوەی بە نۆ زمان، پەرتووکی "رۆژنامەگەری راستەقینە و ئەخلاقی میدیایی" بە زمانی کوردیش چاپ و بڵاوکرایەوە.
ئاڵتوون لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "وەک سەرۆکایەتی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار، لەم دواییانەدا پەرتووکی رۆژنامەگەری راستەقینە و ئەخلاقی میدیاییمان لەسەر بنەمای بنەماکانی نموونە نێودەوڵەتییەکان کە کۆکراونەتەوە و سیستماتیک کراون، چاپ کرد".
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا گوتیشی: "چالاکییەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەمان، کە پێشتر جگە لە زمانی تورکی، بە زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی، تورکی ئازەری، رووسی، ئیسپانی، ئەڵمانی، فەرەنسی و یۆنانی بە نۆ زمان بوو، ئەمڕۆش بە بڵاوکردنەوەی پەرتووکی (رۆژنامەگەری راستەقینە و ئەخلاقی میدیایی) بە وەرگێڕانی کوردی گەیشتە 10 زمان. پێموایە ئەم توێژینەوەیە دەبێتە رێنمایی و سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ کارمەندانی میدیا و توێژەران".
ئاڵتوون لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیوویەتی: "بژی راستییەکان بە هەموو زمانێک".
بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە بە زمانی کوردی لە کاتێکدایە لە ماوەی رابردوودا لە تورکیا و باکووری کوردستان زیاتر لە 100 کتێب قەدەخەکران، کە لە بارەی کورد و کوردستانەوە نووسرابوون.