دادگەی باڵای تورکیا ناوی 'دەم پارتی'ـی پەسندکرد
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای تورکیا، "دەم پارتی" کە کورتکراوەی ناوی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلانە، پەسند کرد.
پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) لە 15ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە کۆنگرەی چوارەمی ئاساییدا ناوی پارتەکەی بۆ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (هەدەپ) گۆڕی، بەڵام دادگەی باڵای تورکیا بڕیاری گۆڕینی ناوی (هەدەپ)ـی دا، بەهۆکاری ئەوەی هەدەپ هاوشێوەی کورتکراوەی ناوی پارتی دیموکراسیی گەل (هادەپ)ـە کە لە ساڵی 1994 دامەزراوە و ئەم لێکچوونە دژی یاسای حیزبە سیاسییەکانە.
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (هەدەپ) لەبارەی بڕیارەکەی دادگای باڵا کۆبووەوە و لە 11ـی کانوونی یەکەمی 2023 بڕیاری دا، کورتکراوەی ناوی نوێی پارتەکەیان "دەم پارتی" بێت.
دادگای باڵای تورکیا ناوی کورتکراوەی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان ـی بە "دەم پارتی" پەسند کرد و لە ماڵپەڕەکەیدا بەو شێوەیە نووسی.
پارتی دیموکراسیی گەل (هادەپ) پارتێکی سیاسیی باکووری کوردستان بوو، کە لە 11ـی ئایاری 1994 دامەزرا. لە 13ـی ئاداری 2003 لەلایەن دادگەی دەستووریی تورکیا بەو بیانووەی کە "ناوەندی چالاکییە نایاساییەکانە"، داخرا. 46 ئەندامی هادەپ و لە نێویاندا موراد بۆزلاک، سەرۆکی هادەپ و 45 ئەندامی ئەو پارتە بۆ ماوەی پێنج ساڵ سیاسەتکردنیان لێ قەدەخە کرا.