ئەردۆغان سوپاسی چوار فراکسیۆنی پەرلەمانی کرد و رەخنەی تووندی لە دەم پارتی گرت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا باسی ئەو سەربازانەی کرد، کە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کوژراون و رەخنەی تووندی لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) گرت.
سەبارەت بە شەڕ و پێکدادانی چەند رۆژی رابردووی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سەربازانی سوپای تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پرۆگرامێکی تایبەت بە گەنجانی ئاکپارتی رۆژی دووشەممە (25-12-2023) لە ئەنقەرە، سوپاسی فراکسیۆنەکانی مەهەپە، ئیی پارتی و سەعادەتی کرد بەوەی واژۆیان لە ژێر راگەیێندراوەکەی ئاکپارتی کردووە، کە تێیدا نەفرەت لە پەکەکە کراوە و جەختکراوەتەوە لەوەی 'تیرۆر' بە ئامانجی خۆی ناگات. جەهەپە واژۆی لەسەر ئەو راگەیێندراوە نەکرد، بەڵام راگەیێندراوێکی تایبەتی دەرکرد.
ئەردۆغان لەبارەی دەم پارتی کە واژۆی لەسەر راگەیێندراوەکە نەکردووە، گوتی "ئەوانەی لەبری ئەوەی نوێنەرایەتیی خەڵک بکەن، وەکو باڵی رێکخراوی جوداخواز رەفتار دەکەن، بە موخاتەبیان نازانین. ئەوان لە چاوی ئێمەدا بووکەڵەی سیاسیی وەهان کە ویستی ئازادیان نییە. ئەو کەسانە بەشێکیان لە قەندیل یان لە سلیڤری و ژێرزەمین یان لە دەرەوەی وڵاتەوە بە کۆنترۆڵی دوورمەودا کار دەکەن، هیچ پێگەیەکیان نییە. بێگومان ناتوانین چاوپۆشی لە راگەیێندراوەکانی ئەوانەش بکەین، کە بە تیرۆردا هەڵدەڵێن و رەوایەتی بە تووندوتیژی دەدەن. بە روونی دەڵێم؛ ئەوەی بە هەمان زمانی تیرۆرست قسە دەکات، مامەڵەی تیرۆرستی لەگەڵدا دەکرێت و رزگاربوونی لەمەدا نییە."
رۆژی دووشەممە لە دانیشتنی پەرلەماندا مەرال دانش بێشتاش، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی رووی دەمی لە پارتەکان کرد و گوتی "لە رۆژێکداین، کەسانێک قسە لەسەر پرسی کورد دەکەن کە هیچی لێ نازانن. تورکیا بۆ کێشە هاوشێوەکانی وڵاتی فلیپینیش نێوەندگیرە، ماوەی 40 ساڵە ئەو ناخۆشییە بەردەوامە، تەنیا ئاماژە بە ئاشتی نەکراوە. باشە بۆچی ناتوانرێت بگوترێت ئاشتی؟ نەمانتوانی بە دەنگ بەرزکردنەوە و پیرۆزکردنی جەنگ بابەتەکە چارەسەر بکەین، ناشتوانین ئەمە بکەین."
بێشتاش هەروەها باسی لەوە کرد، ئەوان بۆ پیرۆزکردنی شەڕ و کوژران لە پەرلەمان نین و پێویستە ژیان بە پیرۆز بینن.
چی روویدابوو؟
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رۆژی شەممە 23-12-2023 بڵاویکردەوە، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، لەو ناوچەیەی تورکیا بە 'ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قوفڵ' ناوی دەبات، هێرشیان کردووەتە سەر سەربازانی سوپای تورکیا. لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی شەش سەربازی خۆی و گیانلەدەستدانی 13 گەریلای راگەیاند.
میدیای نزیک لە پەکەکە نیوەڕۆی شەممە 23-12-2023 بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی 22-12-2023 گەریلا لە ناوچەی خواکورک، لە سێ لاوە هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی سوپای تورکیا. هەر بەگوێرەی میدیای نزیک لە پەکەکە لەو هێرشەدا 36 سەربازی تورکیا کوژراون و 17 چەکیشیان کەوتووەتە دەستی گەریلاکان. میدیای نزیک لە پەکەکە ناوی شەش لەو سەربازە کوژراوانەی بڵاوکردەوە کە ئەمانەن: رەمەزان گونای، مەحمود سەرینکان، چاغاتای ئەرەنۆغڵو، یاسین کاراجا، ئەمرە تاشکن و ئیسماعیل یازیجی.
دواجار تەرمی 12 سەربازی تورکیا گەڕێندرایەوە و بە خاک سپێردران.
ئۆپەراسیۆنی "چنگ - قوفڵ"ـی تورکیا لە بەرەبەیانی رۆژی 18-4-2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان، بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی نزیکەی 840 گەریلا و کوژرانی نزیکەی 120 سەربازی سوپای وڵاتەکەی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی نزیکەی سێ هەزار سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی نزیکەی 400 گەریلای راگەیاندووە.
دەقی گوتەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا:
"ئەو واژۆیەی چوار فراکسیۆنی پەرلەمانمان لە ژێر ئەو راگەیێندراوە کردیان، کە نەفرەت لە پەکەکە دەکات، زۆر بە گرنگ دەزانین... سوپاسی ئەو ئەکتەرە سیاسییانەش دەکەم کە پشتیوانییان لە راگەیێندراوەکە کرد. ئەوانەش کە لەبری ئەوەی نوێنەرایەتیی خەڵک بکەن، وەکو باڵی رێکخراوی جوداخواز رەفتار دەکەن، بە موخاتەبیان نازانین. ئەوان لە چاوی ئێمەدا بووکەڵەی سیاسیی وەهان کە ویستی ئازادیان نییە. ئەو کەسانە، بەشێکیان لە قەندیل یان لە سلیڤری و ژێرزەمین یان لە دەرەوەی وڵاتەوە بە کۆنترۆڵی دوورمەودا کاردەکەن، هیچ پێگەیەکیان نییە. بێگومان ناتوانین چاوپۆشی لە راگەیێندراوەکانی ئەوانەش بکەین، کە بە تیرۆردا هەڵدەڵێن و رەوایەتی بە تووندوتیژی دەدەن. بە روونی دەڵێم؛ ئەوەی بە هەمان زمانی تیرۆریست قسە دەکات، مامەڵەی تیرۆریستی لەگەڵدا دەکرێت و رزگاربوونی لەمەدا نییە.