مەراڵ ئاکشەنەر: بێگومان دەبمە سەرۆکوەزیرانی تورکیا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئەنقەرە جەماوەری ئیی پارتی گردبوونەوە و سەرۆکی حیزبەکەش لەنێو گردبوونەوەکەدا گوتارێکی بۆ لایەنگرانی پارتەکەی پێشکێشکرد و رایگەیاند، "بێگومان دەبمە سەرۆکوەزیرانی تورکیا."
 
مەراڵ ئاکشنەر، سەرۆکی ئیی پارتی جەختی لەوە کردەوە، پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی 2023دا براوەی یەکەم دەبێت و گوتیشی، "بێگومان سەرۆکوەزیران مەراڵ دەبێت، بێگومان. نەک بە موزایەدەکردن لەگەڵ ئەم و ئەو، حیزبی ئێمە بە ئیرادەی میللەتەکەمان حیزبی یەکەم دەبێت و سەرۆکوەزیران مەراڵ دەبێت. سەرەتا ئەم سیستمە نامۆیە دەگۆڕین، پاشان بێگومان مەراڵ سەرۆکی ئیی پارتی دەبێتە سەرۆکوەزیران."
 
ئاکشەنەر دوای ئەوەی ساڵی 2016 لە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە دوورخرایەوە، لە ساڵی 2017 ئیی پارتیی دامەزراند.
 
پاڵپشتیی جەهەپە نەبووایە ئاکشنەر نەیدەتوانی بەشداری لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی 2018دا بکات و دواتریش لە پەرلەمان فراکسیۆن پێکبهێنێت، بەڵام ئێستا کە ژمارەی دەنگدەرەکانی لە زیادبووندان، بێباکانە رەفتار دەکات.
 
سەرۆکی ئیی پارتی رایگەیاند، "رانایەین لەگەڵ ترس و گوشار و بێدەنگکردن. ئێمە رانایەین، بەڵام ئەوان رادێن، ئەوان لەگەڵ تورکیایەکدا رادێن کە ژنان تێیدا قسە دەکەن."
 
ئاکشەنەر لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوودا کاتێک چەندین کەسایەتیی کورد لەلایەن پێکهاتەی نهێنیی دەوڵەتەوە لە باکووری کوردستان کوژران، بۆ ماوەی ساڵێک وەزیری ناوخۆ بوو و تائێستاش پارێزگاری لە هەڵوێستی ئەوسای خۆی دەکات.
 
ناوبراو هەدەپە بە باڵی درێژکراوەی پەکەکە ناودەبات و لە زۆر بۆنەدا دووپاتیکردووەتەوە کە لەسەر یەک مێز لەگەڵ هەدەپەدا دانانیشێت.
 
پارتەکەی ئاکشەنەر کە هێندەی جەهەپە فاکتەرێكی گرنگە لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا و مێزی شەش حیزبییان پێکهێناوە، لە بابەتی کۆچبەران و پرسی کورد دا بۆچوونی جیاوازی هەیە و دیار نییە چۆن کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر داهاتووی ئۆپۆزیسیۆن و سەرەنجام گۆڕینی دەسەڵات لە تورکیا.