لە شرنەخ و ئیزمیر 30 کەس بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە دەستبەسەر کران

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان 20 کەس بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە دەستبەسەر کران؛ هاوکات لە پارێزگای ئیزمیری تورکیاش بە هەمان تۆمەت 10 کەس دەستبەسەر کران.
 
رۆژی سێشەممە 26ی تشرینی دووەم سەرۆکی داواکاری گشتیی ئیزمیر بە تۆمەتی "بانگەشەکردن بۆ پەکەکە" لە سۆشیاڵمیدیا و "بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی پەکەکە لە دەرەوەی وڵات،" فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ 10 کەس دەرکرد.
 
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیزمیر، لە چوارچێوەی بڕیارەکەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، هەڵیانکوتایە سەر ژمارەیەک ماڵ و 10 کەسیان دەستبەسەر کرد.
 
هەروەها سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە شاری شرنەخ و شارۆچکەکانی ئەو پارێزگایەی باکووری کوردستان، تیمەکانی پۆلیس هەڵیکوتایە سەر چەندین ماڵ، بە تۆمەتی ئەوەی پێشتر بەشدارییان لە گردبوونەوەکانی ناڕەزایەتی کردووە و بانگەشەیان بۆ پەکەکە کردووە، 20 کەسیان دەستبەسەر کرد.
 
دەستبەسەرکراوەکان گوێزراونەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیزمیر.
 
لە تورکیا و باکووری کوردستان رۆژانە هێزە ئەمنییەکان هەڵدەکوتنە سەر ماڵان و بە "تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە" هاونیشتمانیانی سڤیل و سیاسەتڤانانی کورد دەستبەسەر دەکەن. بەتایبەتی دوای دانانی قەییووم بۆ شارەوانییەکانی دەم پارتی لە مێردین و ئێلیهـ، خەلفەتی و دێرسم ئۆپەراسیپۆنەکان زیادیان کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە