لە ئیستەنبووڵ 169 ژن دەستبەسەرکران
رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ژنان لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا 169 ژن دەستبەسەرکران.
پلاتفۆرمی ژنانی 25ـی تشرینی دووەم، بانگەوازی کردبوو کاژێر 19:30 خولەکی ئێوارەی رۆژی دووشەممە لە ناوچەی تەقسیم گرددەبنەوە، بەڵام بە بڕیاری پارێزگای ئیستەنبووڵ دەروازەکانی چوونە ژوورەوە بۆ ناوچەکە داخران، بۆیە ژنان رێگەکەیان گۆڕی.
گردبوونەوەی ژنان لە ئیستەنبووڵ گرژی لێکەوتەوە. کۆمەڵێک ژن لە کاتی رێپێوانەکەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گەمارۆدران و ژمارەیەکیان دەستبەسەر کران، هەروەها رۆژنامەڤانان و میدیاکاران لە شوێنی گردبوونەوەکە دوورخرانەوە.
پلاتفۆرمی ژنانی 25ـی تشرینی دووەم رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان لانیکەم 169 ژنیان دەستبەسەرکرد کە لە گردبوونەوەکەدا بەشداربوون.
هەر یەک لە تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی و مەراڵ دانش بیشتاش پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئەرزەڕۆم بەشدارییان لە گردبوونەوەکەدا کرد.
لە ئیستەنبووڵ رۆژی یەکشەممە، 24ـی تشرینی دووەمیش سەتان ژن گربوونەوە و لە دژی کوشتن و تووندوتیژی بەرامبەر ژنان ناڕەزاییان دەربڕی.
پارێزگای ئیستەنبووڵ هەموو گردبوونەوە و چالاکییەکی لە شارەکەدا بۆ رۆژانی 25 و 26ی مانگ قەدەخە کرد.
بەگوێرەی داتاکانی پلاتفۆرمی تاوانی دژ بەژنان دەوەستێنین، لە کانوونی یەکەمی پارەوە تاوەکو کۆتایی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ 371 ژن لەلایەن پیاوانەوە لە تورکیا و باکووری کوردستان کوژراون و لانیکەم 207 ژنیش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.