لە دۆسیەی دیایدەر 16 کەس لە ئیستەنبووڵ سزادران

رووداو دیجیتاڵ

بە بڕیاری دادگەی ئیستەنبووڵ، 16 ئەندامی کۆمەڵەی هاوکاری و هاوپشتیی مامۆستایانی ئایینی (دیایدەر) لە ئیستەنبووڵ سزای زیندانییان بەسەردا سەپێندرا.
 
سەرەتا بەهۆی ئەوەی گوتاری ئایینییان بە زمانی کوردی پێشکێشکرد، 22 زانای ئایینی، بەڕێوەبەران و ئەندامانی کۆمەڵەکە دەستگیرکران و درانە دادگە و تۆمەتبار کران.
 
رۆژی 25-10-2024 لە پارێزگای ئیستەنبووڵ لە دانیشتنی دادگەیی دۆسیەی دیادەر، هەر 22 کەسەکە دادگەیی کران.
 
بەگوێرەی بڕیاری دادگەی 14ـی سزا قورسەکانی ئیستەنبووڵ، سێ کەس بە تۆمەتی 'ئەندامیێتی و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە' سزای حەوت ساڵ و شەش مانگیان بەسەردا سەپێندرا. نۆ کەسی دیکەیان بە شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانی سزادران.
 
دووانی دیکە کە تۆمەتی ئەندامیێتیی پەکەکەیان دراوەتە پاڵ، بە ساڵێک و دوو مانگ زیندانی سزادران.
 
دوو لە تۆمەتبارانی دیکەش کە تۆمەتی هاوکاریکردن و داڵدەدانی ئەندامانی پەکەکەیان لەسەر بوو، بە دوو ساڵ و مانگێک زیندانی، سزادران.
 
تۆمەتبارانی دیکە بە مەرجی دادوەری ئازادکران و پێویستە هەفتانە واژۆ بکەن تاوەکو ئەوکاتەی دۆسیەکە بە تەواوەتی یەکلایی دەکرێتەوە. هەروەها دۆسیەی یەکێک لە تۆمەتباران داخرا، بەهۆی ئەوەی لەم ماوەیەدا گیانی لەدەستداوە.
 
دیایدەر، کۆمەڵەیەکی ئایینییە و ساڵی 2008 دامەزراوە. دیایدەر؛ کورتکراوەی کۆمەڵەی هاوکاری و هاوپشتیی زانایانی ئایینییە. ئەو کۆمەڵەیە لە چوارچێوەی فێرکارییەکانی تەریقەتی شافعی کە زۆرینەی کوردی تورکیا سەر بەو مەزهەبەن، چالاکییەکانی دەکات.
 
بارەگاکەی دەکەوێتە گەڕەکی شیرین ئێڤلەر لە ناوچەی باخچەلی ئێڤلەری ئیستەنبووڵ. ئەو کۆمەڵەیە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئیستەنبووڵ و ناوچە زۆرینە کوردنشینەکان چالاکە. دیایدەر نۆ مزگەوتی لە ئیستەنبووڵ هەیە.