تورکیا هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران سەرکۆنە دەکات

دوێنێ کاژێر 05:16
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەرکۆنەی هێرشەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات و دەڵێت، ئیسرائیل ئامانجییەتی بازنەی شەڕ لە ناوچەکەدا فراوان بکات. 
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ (شەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2024) وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بڵاوکردەوە، تێیدا بە تووندی سەرکۆنەی دەکات. 
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا هاتووە، "ئیسرائیل لە غەززە کۆمەڵکوژی کردووە و ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی کەرتی رۆژئاواش پەلکێشی کۆمەڵکوژییەکەی بکات. ئەوە لەکاتێکدایە رۆژانە لە لوبنان خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانج و بە هێرشکردنە سەر ئێرانیش ئامانجییەتی بازنەی شەڕ لە ناوچەکەدا فراوان بکات و، هەوڵدەدات ناوچەکە بکاتە گۆڕەپانی جەنگ."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هاتووە، "کۆتاییهێنان بەو تیرۆرەی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا ناویەتییەوە، ئەرکێکی مێژووییە. بانگهێشتی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەوڵەکانی بخاتەگەڕ لەپێناو راگرتنی حکومەتی نەتەنیاهوو، بەگرتنەبەری رێکارە یاساییەکان."
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، ئەنقەرە "نایەوێت ناوچەکە لەمە زیاتر جەنگ، تووندوتیژی و کاری نایاسایی تێیدا بەردەوام بێت". بۆ دووبارە فەراهەمکردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا "داوا لە وڵاتانی ناوچەکە، وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەکەین هەڵوێستی دانایانە بنوێنن."
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ئیسرائیل چەند پێگەیەکی لەنێو ئێران بۆردوومانکرد و سوپای ئیسرائیل گوتی، لە هێرشەکەدا چەند دامەزراوەیەکی تایبەت بە دروستکردنی درۆن و مووشەکیان کردووەتە ئامانج، هۆشداریشی بە ئێران دا کە ئەگەر وەڵامی هێرشەکە بداتەوە، "باجێکی قورس دەدات."
 
گرژیی نێوان ئێران و ئیسرائیل لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد.
 
رۆژی 13-04-2024 ئێران ژمارەیەک درۆن و مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. ئەوە یەکەم هێرشی راستەوخۆی ئێران بوو بۆ سەر ئیسرائیل.
 
رۆژی 01-10-2024ـیش ئێران بە نزیکەی 200 مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

ئەردۆغان: تورکیایەکی بێ تیرۆر بونیاد دەنێین

ئەردۆغان بەبێ ئەوەی ناوی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بێنێت، پاڵپشتی لە بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کرد کە سێشەممەی رابردوو لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان داوای کرد، ئۆجەلان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا قسە بکات.