گیونایدن: پێویستە قسەی راست و کاریگەرمان بۆ پرسی کورد هەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە پەرلەمانی تورکیا، رایگەیاند، پێویستە قسەی راست و کاریگەریان بۆ پرسی کورد لە تورکیا هەبێت.
 
گۆکهان گیونایدن، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رۆژی چوارشەممە، 26-9-2024، لە پانێلێکی دەزگای سۆسیاڵ دیموکراسی (SODEV) قسەیکرد و یەکێک لە تەوەرەکانی باسەکەی پرسی کورد بوو.
 
لەکاتێکدا جەهەپە لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانیدا زۆرترین دەنگی هێناوە و بووەتە یەکەمین پارتی تورکیا، گیونایدن باسی لەو هەنگاوە پێویستانە کرد کە دەکرێت لە پرسی کورد دا بنرێن.
 
گیونایدن سەبارەت بە مامەڵەکردن لەمەڕ پرسی کورد گوتی: "بۆ نموونە با باسی گەنجێکی کورد بکەین. با ئەو گەنجە لە دیاربەکر بژی یان ئیستەنبووڵ و ئیزمیر. بۆچوونی سیاسیی ئەو گەنجە بەگوێرەی ئەو شوێنەی لێی دەژی، جیاواز دەبێت. مەڵێن؛ تۆ بۆچی بەمجۆرە بیر دەکەیتەوە؟ ئەوە بناغەی سیاسەتی کۆمەڵایەتیی خۆی هەیە. جا جەهەپە پێویستی بە سیاسەتێکی وەهایە کە لەڕێیەوە بتوانێت گوتاری راست و کاریگەری بۆ کورد، لاز و چەرکەز هەبێت".
 
ئەو بەرپرسەی جەهەپە هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەگەر سیاسەتێکی گەنجاو لە شارە کوردییەکاندا بکەن، ئەوکات قسەی راست و کاریگەریشیان لە پرسی کورد دەبێت. 
 
گۆکهان گیونایدن هەروەها لەبارەتی خزمەتگوزاری بۆ باکووری کوردستان، رەخنەی لە حکومەت گرت و گوتی: "تۆ دێیت ئاو لە ناوچەکەدا گلدەدەیتەوە و پێویستییەکانی وزەی تورکیای لێ دەکەیت، بەڵام کەناڵی ئاودێری بۆ ئاودانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە کارا ناکەیت."
 
گیونایدن هەروەها سەبارەت بەو هەڵمەتی قەییومەی لە دژی شارەوانییەکانی دەم پارتی دەکرێن گوتی: "با زۆر بە ڕوونی وەڵام بدەمەوە. پێموایە توانیومانە کاردانەوەی گونجاومان لەم پرسە هەبێت. هیچ شتێک نییە کە جەهەپە لەسەر ئەم پرسە نەیکردبێت. لە دەستووردا دەسەڵاتی کارگێڕیی خۆجێیی هەیە. ئەگەر بڕیارە سەرۆکی شارەوانییەک بەمجۆرە لابدەیت، ئەمە رەنگە دواتر لێکۆڵینەوەی زۆر جددی هەڵبگرێت. خۆت بخەرە شوێنی هاووڵاتییەک کە لەو شارەدا دەژی و دەنگی بەو سەرۆک شارەوانییە داوە. تۆ سەرۆکی شارەوانی لە کارەکەی دوور دەخەیتەوە. تەنانەت رێگە نادەیت ئەنجوومەنی شارەکە سەرۆک شارەوانییەکی نوێ هەڵبژێرێت. لەم دۆخەدا  ئەوە سەرۆکی شارەوانی و ئەندامانی ئەنجومەن نین کە تۆ سزایان دەدەیت، بەڵکو سزای ئەو هاووڵاتیانە دەدەیت کە دەنگیان پێداوە. هەر بۆیە ئەمە دۆخێکی قبوڵکراو نییە. جەهەپە بە روونی ئەوەی پێویستە دەیکات، لەرووی یاساییەوە و سیاسییەوە".
 
لە چەند هەڵبژاردنی رابردوودا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ، دەم پارتی جۆرێک لە پاڵپشتیی بۆ بەربژێرانی جەهەپە لە گەورەشارەکان نیشانداوە. دەنگدەری کورد رۆڵی لە سەرخستنی بەربژێرانی جەهەپە لە ژمارەیەک گەورەشاردا هەبووە، بەتایبەتی ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە.
 
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رۆژی 9-9-1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەر و یەکەمین سەرۆکی کۆماری تورکیا  دامەزراوە. ساڵی 1923 تاوەکو 1950جەهەپە 17 جار حکومەتی پێکهێناوە؛ دواتر بەهۆی بوونی کێشەی ناوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردەی لێ جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسی دامەزرا.
 
لە کودەتاکەی 1981 جەهەپە بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و دواتر بە بڕیاری دادگەی دەستووریی تورکیا کرایەوە.