رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێداگریی حکومەتی وڵاتەکەی لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپ و هێزانە نیشاندا کە بە "تیرۆریست" ناویان دەبات و باسیشی لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان کرد.
دوای کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە، 26-9-2023، لەگەڵ وەزیرانی کابینەکەی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد. دوو لەو تەوەرانەی باسیکردن پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و شەڕی نێوان سوپای وڵاتەکەی لەگەڵ ئەو هێزانە بوو ئەنقەرە وەکو 'تیرۆریست" ناویان دەبات.
ئەردۆغان لەبارەی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان گوتی، عەبدولقادر ئورارئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی تورکیا لەبارەی پڕۆژەکەوە وردەکاری پێداون.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، سوپای وڵاتەکەی لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێز و گرووپانە بەردەوام دەبێت کە ئەنقەرە وەک "تیرۆریست" ناویان دەبات.
نزیکەی 40 ساڵە تورکیا لەگەڵ پەکەکە لە شەڕدایە؛ چەندین ساڵیشە پێگە و سەرکردەکانی یەپەگەی باڵی چەکداریی پەیەدە لە رۆژئاوای کوردستان دەکاتە ئامانج.
حکومەتی عێراق پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان جێبەجێ دەکات کە بەنیازە لە رێگەی هێڵی ئاسنینەوە بەندەری فاو لە بەسرە بە تورکیا و دواتر وڵاتانی ئەوروپاوە ببەستێتەوە.
هێڵی ئاسنینی پڕۆژەکە لە بەندەری فاو تاوەکو پێشابوور بە درێژایی 1200 کیلۆمەتر درێژدەبێتەوە؛ هێڵەکە بە 10 پارێزگادا تێدەپەڕێت. بەگشتی پڕۆژەکە بە سێ قۆناخ جێبەجێ دەکرێت؛ بڕیارە قۆناخی یەکەم ساڵی 2028 تەواو بێت؛ قۆناخی دووەم ساڵی 2038 و قۆناخی سێیەمیش ساڵی 2050.
تێچووی پڕۆژەکە 17 ملیار دۆلارە کە 10.5 ملیار دۆلار بە شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەدرێت و 6.5 ملیار دۆلارەکەی دیکە تێچووی دروستکردنی هێڵەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ