کوردستان و پرسی کورد بابەتی گەرمی بانگەشەی پارتە سیاسییەکانی تورکیایە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لە بانگەشەی پارتەکەی لە ئەرزەڕۆم جارێکی دیکە نکۆڵیی لە بوونی کوردستان کرد و لە پرسی کورد دا رەخنەی تووندی لە پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە گرت.
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە رایگەیاند، "ئەندامێکی ئەنجوومەنی جەهەپە گوتی دیاربەکر بەشێکە لە کوردستان؟ گوتی. هەمووان گوێیان لەم لادانە بەهرەمەندە بوو. کەس گوێی لەوە بوو کڵچدارئۆغڵو بەدرۆی بخاتەوە؟ کاردانەوە پیشان بدات؟ رێگری لێ بکات؟ وەکو چاوەڕوان دەکرا کەس گوێی لێ نەبوو."
 
باخچەلی داوای لە ئەرزەڕۆمییەکان کرد دەنگ بە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆمار و هاوپەیمانی جمهوور بدەن کە لەگەڵ ئاکپارتیدا پێکیانهێناوە و سەرۆکی جەهەپەی کردە ئامانج.
 
سەرۆکی مەهەپە گوتی، "کڵچدارئۆغڵو با بە روونی قسە بکات. تەنیا بۆ جارێکیش بێت با راستگۆیانە دان بەوەدا بنێت. سەبارەت بە ئازادکردنی بکوژەکەی ئیمراڵی، لەگەڵ هاوبەشەکانی دیکەی هاوپەیمانی قسەی کردووە؟ ئایا ئەجێندایەکی وەها شاراوەیان هەیە؟ ئایا هیچ ئامادەکارییەک هەیە بۆ لێبووردنی تیرۆریستانی پەکەکە؟ سەبارەت بە دامەزراندنی بەناو کوردستان قەناعەتیان پێ کرا؟"
 
هەمان رۆژ عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی لە شاری سێرتی باکووری کوردستان بوو. لە گربوونەوەی جەماوەریی پارتەکەی ئاماژەی بەوەدا، رێگە نادەن تورکیا بگەڕێتەوە بۆ ساڵی نەوەتەکانی سەدەی رابردوو.
 
سەرۆکی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی رایگەیاند، "ساڵانی نەوەتەکان، لە هەمان کاتدا واتای تاوانە بکەرنادیارەکان. ئێمە رێگە نادەین هیچ کەسێک تورکیا بگەڕێنێتەوە بۆ ساڵانی نەوەتەکان. هەفتەی رابردوو دادگەیی دۆسیەی موسا عەنتەر بەهۆی تێپەڕبوونی کات داخرا. جارێکی دیکە تەقەیان لە موسا عەنتەر کرد. دۆسیەی عەنتەر بووە قوربانیی 'گۆشەگیریی بێ سزای'. هەروەک لە کەیسەکانی JİTEM، هەروەک لە رۆبۆسکی، هەروەک لە دۆسیەی شەنیاشار."
 
هەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکیا بڕیارە لە حوزەیرانی ساڵی 2023دا ئەنجامبدرێت. هەر لە ئێستاوە سیاسییەکانی تورکیا لە بانگەشەی هەڵبژاردندا کارتی کورد بۆ راکێشانی دەنگدەری کورد و لاوازکردنی یەکدی بەکاردەهێنن.