ئەردۆغان داوایەکی یاسایی لە دژی پەرلەمانتارێکی جەهەپە تۆمارکرد

رووداو دیجیتاڵ
 
تیمی پارێزەرانی سەرۆککۆماری تورکیا، داوایەکی یاسایی لە دژی پەرلەمانتارێکی جەهەپە تۆمارکرد، داوای 250 هەزار لیرە (حەوت هەزار و 350 دۆلار) سزای پێبژاردن دەکەن. 
 
رۆژی 24ـی ئابی 2024، ئەردۆغان لە گوتارێکیدا رەخنەی تووندی لە جەهەپە گرت و رایگەیاند، "ئالوودەی خۆدەرخستن بوون". هەمان رۆژ، تونجای ئۆزکان، پەرلەمانتاری جەهەپە لە بازنەی ئیزمیر لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس وەڵامیدایەوە و ئەردۆغان بە "لە خۆبایی، لووتبەرز و سەردەستەی گەندەڵکاران" وەسف کرد. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی ئاب، حوسێن ئایدن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی سەرۆککۆماری تورکیا، داوایەکی یاسایی پێشکێشی دادگە کرد و بە تۆمەتی بێڕێزیکردن بە رەجەب تەیب ئەردۆغان داوای 250 هەزار لیرە سزای پێبژاردنی کرد. 
 
هاوکات یڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی لە ئیزمیر، هاتووەتە سەر هێڵ و رێکاری پێویستی یاسایی دەکات بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە تونجای ئۆزکان. 
 
تونجای ئۆزکان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس نووسیبووی: "ئێمە ئالوودەی خۆدەرخستنین؟ هەی لەخۆبایی لووتبەرز! لە کۆشک دانیشتووی، تەختی پاشایەتیت دروستکردووە، یاری بە ملیاران دۆلار دەکەیت. بێ ئەوەی کەس پێت بڵێت بۆ وا دەکەیت، بە ویستی خۆت خەرجی دەکەیت، دەوڵەمەندە گەندەڵکارەکان هاوڕێتن، بە 13 فڕۆکە گەشت دەکەیت، کاروانی ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکانت لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات هەر لای تۆیە. خەڵکت برسی و پەریشان و هەژار کرد، هێشتا لەخۆبایی لووتبەرزی وەک تۆ پێمان دەڵێ ئالوودەی خۆدەرخستنین؟ هەڵبژاردنی پێشوەختمان دەوێت".
 
راپۆرتی دادپەروەری ساڵی 2020 لەلایەن وەزارەتی دادی تورکیا بڵاوکرایەوە، لە بڕگەی سزاکان بەتۆمەتی "سووکایەتیکردن و بێڕێزیکردن بە ئەردۆغان"دا کە بە ماددەی 299 ناوبانگی دەکردووە، دەرکەوت لە ساڵانی نێوان 2014-2020دا 103 هەزار و 207 کەس لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە و لە دادگاکاندا 35 هەزار و 507 داوای یاساییش لەسەر هەمان دۆسیە تۆمارکراوە. هەروەها 27 هەزار و 717 داوای یاسایی یەکلایی کراونەتەوە و لە بەرژەوەندیی ئەردۆغان بڕیار دراوە. 
 
به‌مه‌ش له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌ردۆغاندا 9 هه‌زار و 554 كه‌س ته‌نیا به‌تۆمه‌تی سووكایه‌تیكردن به‌سه‌رۆككۆماره‌وه‌ خراونه‌ته‌ زیندانه‌وه‌. 
 
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ساڵی 2014 بۆ یه‌كه‌مجار به‌ سه‌رۆككۆماری توركیا هه‌ڵبژێردرا‌ و ماددەی 299 له‌ یاسای ژماره‌ 5237ی تایبه‌ت به‌ یاسای سزاكانی توركیا هەموار کردەوە و بەزیادکردنی چەند بڕگەیەکەوە ماددەکەی قورستر کرد. 
 
به‌گوێره‌ی بڕگه‌كانی ئه‌و مادده‌یه‌ هه‌ر كه‌سێك بێڕێزیی یاخود سووكایه‌تیی به‌ سه‌رۆككۆمار بكات له‌ ساڵێك بۆ چوار ساڵ سزای زیندانی دەکرێت. سزای ئه‌و كه‌سانه‌ش پارێزبه‌ندییان هه‌یه‌، بەقەرەبووی داراییەوە سزا ده‌درێن. ئەمە جگە لە چەندین جۆر سزای یاسایی دیکە.