ئیی پارتی بەتەنیا و دوور لە هاوپەیمانیێتی بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا دەکات

26-08-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
نیشانەکردن مەراڵ ئاکشەنەر ئیی پارتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی ئەمڕۆ نەخشەڕێگەی نوێی پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا راگەیاند و، جەختیکردەوە، ئیی پارتی بە تەنیا بەشداری دەکات.
 
لە پرۆگرامێکی تایبەت بە رێکخستنەکانی پارتەکەی، مەرال ئاکشەنەر، سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی ئەمڕۆ (شەممە، 26-8-2023) رایگەیاند، بە تەنیا و دوور لە هاوپەیمانێتی، بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانیدا دەکەن و بانگەوازیشی لە پارتە سیاسییەکانی وڵاتەکەی کرد وەکو پارت بەشداربن و رکابەری بکەن.
 
ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئیی پارتی لە پارێزگای ئافیۆن کاراهیسار بەڕێوەچوو. ئاکشەنەر گوتاری پێشکێشکرد و نەخشەڕێگەی نوێی پارتەکەی راگەیاند. بەگوێرەی نەخشەڕێگەکە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی شارەوانییەکاندا، کە بڕیارە 31-3-2024 بەڕێوەبچێت، ئیی پارتی بە تەنیا و وەکو پارتی سیاسی بەشدار دەبێت. ئەمە لەکاتێکدایە ئەو پارتە هەر لە کاتی دامەزراندنییەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی میللەت و شانبەشانی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە. 
 
ئاکشەنەر دەرگای هاوپەیمانیی بەسەر پارتەکەیدا داخست و گوتی "ئێمە، لەگەڵ هیچ کەسێکدا هاوپەیمانی ناکەین کە بەرژەوەندیی خۆی دەخاتە پێش هەموو شتێک، رۆژەڤی شاراوەی هەیە و دەیەوێ لەسەر حیسابی ئێمە بگاتە مەبەستەکانی. لەگەڵ هیچ کەسێکدا هاوپەیمانی دروستناکەین کە بۆ گەیشتن بە ئامانجە تایبەتەکانی لە گرووپە جوداخوازەکان نزیک دەبێتەوە. هەروەها بەوانەش دەڵێین نەخێر کە پەیوەندییان لەگەڵ تیرۆر و جوداخوازاندا هەیە."
 
ئاکشەنەر هەروەها گوتی "دەرگامان بۆ هەموو کەسێک واڵا نییە. بۆ نموونە بەو کەسانە ناڵێین 'بەڵێ' کە دوژمنی مستەفا کەمال ئەتاتورکن. بەوانە دەڵێین 'نەخێر' کە بەهای کۆمارمان بە هیچ دەزانن و ئەوانەش کە هاتای بە شاری عەرەب وەسفدەکەن. هەروەها بەوانەش دەڵێین 'نەخێر' کە بە سوێندی تورکبوون (ئاندیمیز) و چوار یەکەمین بڕگەی دەستوورمان ناڕەحەت دەبن."
 
سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی هەروەها باسی لەوە کرد، هاوپەیمانیی هاوشێوەی جاری رابردوو زیان بە بەرژەوەندیی گەلان تورکیا و پارتەکەشیان دەگەیەنێت. 
 
ئاکشەنەر سەبارەت بە شکستیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆککۆماریی ئایاری ئەمساڵ، رایگەیاند ئەوانەی پێویست بوو بێدەنگ بن، هێشتا بەردەوامن لە قسەکردن. سەرۆکی ئیی پارتی لەبارەی ئەو هەوڵانەی بۆ بەربژێرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە دابووی، گوتی "من، هەموو شتێکم کرد بۆ ئەوەی دەرگا لەبەردەم ئەو دوو هاوڕێیەمان بکەمەوە. بێ ئەوەی هیچ بەرژەوەندییەکی تاکەکەسیم هەبێت، پشتیوانیم کردن، بەڵام بەداخەوە نەمتوانی ئاستەنگی بەردەمیان لابدەم. بۆیە داوای لێبوردن لە ئێوە و گەلی تورک دەکەم."
 
رۆژی 25ـی تشرینی یەکەمی 2017 دامەزرانی ئیی پارتی لەلایەن مەرال ئاکشەنەر راگەیێنرا، هەر خۆشی تاوەکو ئێستا سەرۆکی گشتییەتی. ئیی پارتی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی 2018ـدا 9.69٪ـی دەنگەکانی بردەوە و 43 کورسیی پەرلەمانی تورکیای بەدەستهێنا، هەروەها لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 14-5-2023ـدا 9.6٪ـی دەنگەکانی بردەوە و 43 کورسیی لە پەرلەمان بەدەستهێنا. 
 
پرۆفایلی مەرال ئاکشەنەر
 
18-7-1956 لە پارێزگەی ئیزمیت لەدایکبووە
بڕوانامەی دکتۆرای لە مێژوودا هەیە
3-11-1996 بووە وەزیری ناوخۆی تورکیا
2-11-2001 پەیوەندیی بە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کرد
8-9-2016 بە بریارێکی ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیار لە مەهەپە دەرکرا
25-10-2017 ئیی پارتیی دامەزراند
ساڵی 2018 بەربژێری پۆستی سەرۆککۆمار بوو و 7.29٪ـی دەنگەکانی هێنا
24-6-2023 لە سێیەم کۆنگرەی ئیی پارتیدا بە سەرۆکی گشتی هەڵبژێردرایەوە
 
سوێندی تورکبوون (ئاندیمیز) چییە؟
 
ئاندیمیز لە زمانی تورکیدا بە مانای (سوێندەکەمان) دێت؛ ئەو سوێندەیە کە جەخت لەسەر تورکبوون و رێبازی ئەتاتورک دەکاتەوە، بۆ ماوەی 80 ساڵ بەیانییان لە  قوتابخانەکانی باکووری کوردستان و تورکیادا قوتابیان دەیانخوێند، بەڵام ساڵی 2013 ئاکپارتی ئەو سوێندەی لە چوارچێوە بە دیموکراسیکردنی تورکیا لە قوتابخانەکاندا هەڵگرت. 
 
هەرچەندە ئاکپارتی و مەهەپە هاوپەیمانن، بەڵام زۆر جار لە بابەتە نەتەوەییەکاندا دژی یەکدین. سوێندی تورکبوون ساڵی 2013 کە لە چوارچێوەی پاکێجی دیموکراتیزاسیۆنی ئاکپارتی هەڵگیرا، ئەوکاتە ئەردۆغان گوتی "ناکرێ قوتابییەکی کورد، چەرکەز، جۆرجی هەموو بەیانییەک بڵێت، 'من تورکم.'."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە