ئەردۆغان: بکوژێک لە کۆنگرێسی ئەمریکادا چەپڵەی بۆ لێدرا

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا گرت بەوەی نەک تەنیا رێگەی داوە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتار لەو دامەزراوەیە پێشکێش بکات، بەڵکو چەپڵەی بۆ لێدراوە و گوتی، "هەموو جیهان بینییان کە چۆن بکوژێک لە کۆنگرێسی ئەمریکادا چەپڵەی بۆ لێدرا. کەسێک چەپڵەی بۆ لێدەدرێت کە خزمەتی مرۆڤایەتیی کردبێت."
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 26ی تەممووزی 2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رێوڕەسمی هاندانی بەرنامەی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیادا لە ئەنقەرە گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
ئەردۆغان بەشێکی گوتارەکەی بۆ سەردانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئەمریکا تەرخان کرد و گوتی، "هەموو جیهان بینییان کە چۆن بکوژێک لە کۆنگرێسی ئەمریکادا چەپڵەی بۆ لێدرا. کەسێک چەپڵەی بۆ لێدەدرێت کە خزمەتی مرۆڤایەتیی کردبێت. بیری لێ بکەنەوە، بکوژی 40 هەزار مرۆڤ لە منداڵ، ژن و پیر لە کۆنگرێسدا چەپڵەی بۆ لێدەدرێت."
 
ئەردۆغان گوتیشی، "ئەوانەی وانەی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بە جیهان دەڵێن، شەرم ناکەن لەوەی هیتلەری سەدەکەمان دەکەنە تاجی سەریان. لە دۆخێکداین کە نەوەک پێشوازی لە بکوژێک دەکرێت کە دەستی بە خوێنی 150 هەزار خەڵکی غەززە سوورە، بەڵکو گوێ لە گوتە پووچەکانیشی دەگیرێت و چەپڵەی بۆ لێدەدرێت."
 
رۆژی 24ی تەممووزی 2024 بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنگرێسی ئەمریکادا گوتارێکی پێشکێش کرد و باسی روانگەی خۆی بۆ غەززەی دوای جەنگ کرد.
 
نەتەنیاهوو گوتی، "ئەو رۆژەی حەماس دەبەزێنین، غەززەیەکی نوێ لەدایک دەبێت. روانگەی من بۆ ئەو رۆژە بریتییە لە غەززەییەکی داماڵراو لە چەک و تووندڕۆیی. غەززە پێویستە کارگێڕییەکی سڤیلی هەبێت و لەلایەن ئەو فەلەستینییانەوە بەڕێوەببرێت کە ویستی وێرانکردنی ئیسرائیلیان نییە؛ ئەوە شتێکی هێندە گەورە نییە کە داوای دەکەین."
 
لە دەرەوەی کۆنگرێسیش هەزاران خۆپیشاندەر کۆببوونەوە و پشتگیریی غەززە و سەرکۆنەی سیاسەتی نەتەنیاهوویان کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە