لە ئاگری سێ گەنج بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە دەستبەسەر کران

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە شارۆچکەی بازید سەر بە پارێزگای ئاگریی باکووری کوردستان سێ گەنجی کورد دەستگیرکران کە دەگوترێت لە ئاهەنگێكی بووکگواستنەوەدا دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"یان گوتووەتەوە.
 
پارێزگای ئاگری ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 25ـی تەممووزی 2024، لە راگەیێندراوێكدا ئاماژەی بەوەدا، گرووپێکی حەوت کەسی لە هۆڵی ئاهەنگێڕان لە شارۆچکەی بازید بەدەم شایی و هەڵپەڕکێوە دروشمیان لە بەرژەوەندیی سەرۆکی پەکەکە گوتووەتەوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەو ئۆپەراسیۆنەدا کە تیمەکانی بەشی پۆلیسی پارێزگاکان بە هاوئاهەنگیی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی ئاگری کردیان، سێ کەسیان بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ رێکخراوێکی (پەکەکە/کەجەکە) ڕاگیراون و هەوڵەکان بۆ گرتنی ئەو چوارکەسەی دیکە بەردەوامن کە تۆمەتبارن و هەڵهاتوون.
 
بەپێی ئەو دیمەنانەی لە سۆشیاڵمیدیا بڵاوکراونەتەوە، لە هۆڵەکەدا ژمارەیەک گەنج کە شایی و هەڵپەڕکێ دەکەن، بەدەم ئەو گۆرانییەی گۆرانیبێژەکە بەسەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەیڵێتەوە، بە پەنجەکانی دەستیان هێمای سەرکەوتن دەکەن.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە