سێ رۆژە دارستانەکانی ئەنتاڵیا دەسووتێن و نزیکەی 70 هێکتار لە دارستانەکان سووتاون

26-07-2023
شەوکەت هەرکی
شەوکەت هەرکی
دیمەنێک لە ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ئەنتاڵیا. وێنە: رووداو
دیمەنێک لە ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ئەنتاڵیا. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - ئەنتاڵیا
 
ئاگر لە دارستانەکانی ناوچەی کەمەری ئەنتاڵیا بەردەوامە و تائێستا نزیکەی 70 هێکتار لە دارستانەکان سووتاون. نزیکەی 300 تیمی ئاگرکوژێنەوە لە شاری ئەنتاڵیا و قەزاکان و شارەکانی دەوروبەریەوە چوونەتە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدەن. هاوکات 10 هێلیکۆپتەر و 19 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەش بەشدارن لە هەوڵەکانی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.
 
بەگوێرەی ئاماری ئیدارەی دارستانەکان، لە ماوەی سێ رۆژدا نزیکەی 70 هێکتار دارستان لە کەمەر و گۆینوک سووتاون، کە هەردووکیان ناوچەی گەشتیارین. هێزی ئاسمانی بە و زەمینی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن.
 
حەسەن ئیلالدی، کارمەندی تیمی ئاگرکوژێنەوە دەڵێت، "ئێمە شەوی رابردوو نزیکەی کاژێر 12:00 بەڕێکەوتین و نزیکەی کاژێر 04:00 گەیشتنە شوێنی ئاگرەکە. لە ناوچەی تەپەلی هاتووین و هاکاریی تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەکەین."
 
ئیرهان گۆکتوگا، کارمەندی بەرگریی شارستانی ئاماژە بەوە دەکات، "ئاگرەکە بەردەوامە. هاوڕێکانمان هاوکاریمان دەکەن. ئەوان لە سەرەوەن و لێرەوە ئاویان بۆ دەنێرین. ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆئەوەی بگەینە ئەو شوێنانەی کە گەیشتنیان سەختە. هەروەها هێلیکۆپتەریش بەرەو ئەو شوێنانە دەچن. لە ئێوارەی دوێنێوە تاوەکو ئێستا بۆ کوژانەوەی ئاگرەکە بەردەوامین."
 
ئاگرەکە گەورەیە و لە زۆربەی ناوچەکانی دەوروبەری ئەنتاڵیاوە تیمی دیکە بۆ کوژاندنەوەی چوون. ئۆزگور و ئەحمەد و مێرت، سێ گەنجی ئامەدی باکووری کوردستانن و تەمەنیان 18 ساڵە، لە سەنتەری ئەنتاڵیا دەژین، ئەوانیش لەگەڵ تیمەکان هاوکارن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە.
 
ئەحمەد دورسون، یەکێک لە سێ گەنجەکەی ئامەد دەڵێت، دوو شەوە لەوێن بۆ هاوکاریی تیمەکان، لە رۆژی یەکەمدا سەختییان زۆر بینیوە. مێرت کۆجاگا-یش یەکێکی دیکەیە لە گەنجەکان و دەڵێت، هەرگیز ماندوو نابن و پێکەوە کار دەکەن و بەهیوان بتوانن زوو ئاگرەکە بکوژێننەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان، 10 کەس دۆخی تەندروستییان تێکچووە و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە