رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە ئاگرکەوتنەوەکەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئامەد و مێردین کە بەهۆیەوە 15 هاونیشتمانیی گیانیان لەدەستدا، شارەوانییەکانی دەم پارتی بە "کەمتەرخەم" دەزانێت و تۆمەتباریان دەکات.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە (26ـی حوزەیرانی 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەشداری لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا کرد و گوتارێکی پێشکێش کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەشێکی گوتارەکەی بۆ ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی 20ـی مانگ تەرخانکرد و رایگەیاند، لە ساتی یەکەمی ئاگرکەوتنەوەکەدا دەوڵەت بە سەرجەم دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان هەموو رێکارێکی پێویستیان گرتەبەر.
ئەردۆغان رەخنەی لە هەردوو گەورەشارەوانیی ئامەد و مێردین گرت کە لە هەڵبژاردنی 31ـی ئاداردا، دەم پارتی بردییەوە و رایگەیاند: "سەرباری ئەوەی کوژاندنەوەی ئاگرەکان، ئەرکی سەرەکیی گەورەشارەوانییەکانە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەمتەرخەم بوون و ئەرکەکانیان بەجێ نەگەیاند، وەزارەت و پارێزگارەکانمان بەخێرایی بە هانای لێقەوماوانەوە چوون."
ئەردۆغان راشیگەیاند، بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان دەوڵەت دەستی بە گەیاندنی هاوکارییەکان کردووە، هەروەها لێکۆڵینەوەی زۆر ورد دەکرێت بۆ ئەوەی هەموو راستییەکانی پشت ئاگرکەوتنەوەکە و هۆکارەکانی ئاشکرا بکرێت.
سەرۆکی ئاکپارتی گوتی "کەسانێک هەن سیاسەت لەسەر گیانلەدەستدانی 15 هاووڵاتیمان دەکەن، ئێمەش حەواڵەی خوا و ویژدانی گەلەکەمانیان دەکەین. رووبەڕووی بەناو سیاسەتڤانی وەها دەبینەوە، کە دۆخەکە بەشێوەیەکی قێزەون دەقۆزنەوە، تەنانەت لە باسکردنیشیان شەرم دەکەین."
ئەردۆغان هێرشی کردە سەر بەرپرسانی دەم پارتی و گوتی "میللەت جەرگی سوتاوە زیانی کردووە و تووشی کارەسات بووە، کەچی ئەوان موزایەدە دەکەن. بینیمان سیاسەتڤانانی دەم پارتی لە پرسەیەکی مێردین چۆن دۆخەکەیان گۆڕی و چەواشەکارییان دەکرد. خەڵکی هۆشیار و چاوکراوەی ناوچەکە و پارێزگار رێگرییان لە هەوڵە چەواشەکارییەکانیان گرت. لای هەمووان ئاشکرایە ئەمانە نوێنەرایەتی کام رێکخراو دەکەن. نەک تەنیا لە ناخۆشی و پرسەکاندا، بگرە لە وەرزشدا پێچەوانەی میللەت بیر دەکەنەوە. بینیمان چۆن لەگەڵ دەماری هەستیاری گەل یارییان دەکرد بە پیرۆزباییکردنیان لە پرتوگال."
ئەردۆغان رووی دەمی کردە جەهەپە و رایگەیاند "سیاسەتی نەرمی نواندن بۆ ئاساییکردنەوەی زمانی زبری ئۆپۆزیسیۆنە. ئەوان هەمیشە لە پرۆسەی سیاسیدا لایەنگری گرژی بوون، ئەوان دەستپێشخەر بوون. نەک ئێمە". گوتیشی "با بەڕوونی ئەوەشتان پێ بڵێم رێککەوتنی سیاسیی لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی دایک (جەهەپە) روونادات. دانوستاندن، نەرمینواندن، ئاساییبوونەوە دەبێت بەڵام رێککەوتن نابێت. رێککەوتنی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن پێچەوانەی دیموکراسییەت و سیستمی فرەپارتییە و هەرگیز ناگونجێت. ئێمەش هیچ کاتێک بۆ ئەم مەبەستە هەوڵمان نەداوە و نادەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ