پەرلەمانتارێکی پێشووی هەدەپە دوای هەشت مانگ لە زیندان ئازادکرا
رووداو دیجیتاڵ
هودا کایا، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە چوارچێوەی دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ دەستبەسەر بوو، شەوی رابردوو ئازادکرا.
دانیشتنی دادگەی تایبەت بە چەند پەرلەمانتارێکی پێشووی هەدەپە لە 22ی سزا قورسەکانی ئەنقەرە بەڕێوەچوو و بە بڕیاری دادوەر، هودا کایا ئازادکرا.
لەو دانیشتنەی دادگەدا دۆسیەی هەریەک لە هودا کایا، سەرپیل کەمالبای، فاتما کورتوڵان، پێرپ دوندار و گارۆ پایلان خرانە بەردەم دادوەر.
لە ئەنجامی دانیشتنەکەدا، دادوەر بڕیاری ئازادکردنی هودا کایای دەرکرد، کە ماوەی هەشت مانگە لە گرتووخانەی مارمارا دەستبەسەرە.
هودا کایا دوای بڕیارەکە لە گرتووخانە دەرچوو و لەلایەن ژمارەیەک بەرپرسی دەم پارتی و رێکخراو و کۆمەڵەکانەوە پێشوازیی لێکرا؛ بەتایبەتی ژنان بە چەپکە گوڵ و گوتنەوەی هوتافی (ژن، ژیان، ئازادی) پێشوازییان لێکرد.
هودا کایا لەبەردەم گرتووخانەکە قسەی بۆ خەڵک کرد و جەختیکردەوە، دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ لەلایەن حکومەتەوە وەکو تەڵەیەک بەکاردەهێندرێت و گوتی، "ئەو نادادی، زەوتکردنی ماف و ئازادییەی لەم وڵاتەدا هەیە، بێسنوور و پێناسە نەکراوە. بەڕاستی دۆسیەی کۆبانێ لە هەمان کاتدا دۆسیەیەکی تراژیدی و کۆمیدییە، پێویستە بە جددی شیکاری بکرێت. هەروەها پێویستە بکرێتە وانەیەکی سەرەکی لە بابەتەکانی دادگەری و باس لەوە بکرێت دۆسیەی تەڵە چییە."
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی هەدەپە رایگەیاند، ماوەی هەشت مانگە بە شێوەیەکی ناڕەوا لە گرتووخانەیە، "بەڵام ئێستا لەودیو ئەو دیوارە هاوڕێکانمان هەن کە هەشت ساڵە لە ژوورەوەن. هەروەها هاوڕێکانمان لە گرتووخانەکانی دیکەدا نزیکەی 10 ساڵە لە ژوورەوەن. بێگومان کاتێک سەیری ئەمانە دەکەین، 8 مانگەکەی من نابێتە جێی باسیش."
هودا کایا باسی لەوەش کرد، راستە ئازاد کراوە، بەڵام دڵی خۆش نییە و دڵی لەگەڵ هاوڕێ زیندانیکراوەکانیەتی.
لە چوارچێوەی دۆسیەی کۆبانێ کە دەم پارتی بە دۆسیەیەکی دروستکراو و سیاسی ناوی دەبات، رۆژی 01-11-2023 هودا کایا زیندانی کرا.
رووداوەکانی کۆبانێ
دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014دا هێرشیکردە سەر کۆبانێ، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان، داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاری دیکەی سەربازیی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە.
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپێشاندان دەستیپێکرد، ئەوە بوو حکومەت قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند. گرژییەکان زیاتر هەڵکشان و پشێوییان بەدواداهات. لە ئەنجامدا 46 سڤیل و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس برینداربوون، 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێنران.
حکومەتی تورکیا رۆژی 4ی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد و هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاری ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بەبڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە.