سەموونخانەکانی تورکیا: لە ئیستەنبووڵ نرخی سەموون هەرزان دەبێت

26-06-2022
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی فیدراسیۆنی سەموونخانەکانی تورکیا دەڵێت، لە رۆژی دووشەممەوە لە ئیستەنبووڵ نرخی سەموون هەرزان دەبێت. 
 
خەلیل ئیبراهیم باڵجی، سەرۆکی فیدراسیۆنی سەموونخانەکانی تورکیا رۆژی شەممە 25ـی حوزەیرانی 2022 لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە شاری سامسوونی تورکیا بەڕێوەچوو، رایگەیاند، لە رۆژی دووشەممەوە لە ئیستەنبووڵ نرخی سەموون هەرزان دەبێت، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا نرخی سەموون لە چەند لیرە جێگیر دەکرێ. 
 
خەلیل ئیبراهیم باڵجی گوتی: "لە سەرتاسەری تورکیا نرخی یەک کیلۆگرام 20 لیرە تێپەڕ ناکات. ئەو دەنگۆیانە راست نین کە لەبارەی زیاتر گرانبوونی سەموون بڵاوبوونەتەوە و ئاماژە بەوە دەدەن نرخی سەموون دەگاتە شەش لیرە، حەوت لیرە و 10 لیرە کە خەڵکی نیگەران کردووە. کەس مافی ئەوەی نییە بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانە خەڵک نیگەران بکات." 
 
رۆژی 19ـی حوزەیرانی 2022، لە 36 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان، نرخی سەموونێک لە 4 لیرەوە بۆ 5 لیرە گران کرا. لە ئیستەنبووڵ، نرخی یەک سەموونی 210 گرامی لە 4.5 لیرەوە بۆ 5 لیرە بەرزبووەوە. ئەمە لە کاتێکدایە نرخی هەر سەموونێک لە هەمان مانگی ساڵی 2021دا بە 2 لیرە بوو. بەمەش نرخی یەک سەموون لە ماوەی ساڵێکدا بەرێژەی 150% گرانبوو. 
 
رۆژی سێشەممە 21ـی حوزەیرانی 2022، حەسەن دەمیر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاردفرۆشانی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، گرانبوونی نرخی ئارد بەرێژەیەکی بەرچاو، هۆکاری گرانبوونی نرخی نان و سەموونە. 
 
لای خۆشییەوە، ئەردۆغان چەتین، سەرۆکی ژووری سەموونخانە و نانەواخانەکانی تورکیا رایگەیاند، بە فەرمیی نرخی سەموون گران نەکراوە، بەڵام ئەنجوومەنەکانی سەموونخانە و نانەواخانەکانی زۆربەی پارێزگاکانی تورکیا بڕیاری گرانکردنی نرخی سەموونیان داوە. لە چەند پارێزگایەکیش کێشی سەموون لە 220 گرامەوە کراوەتە 210 گرام و بەشێکیشیان گەیاندوویانەتە 200 گرام. 
 
ئەردۆغان چەتین روونیکردەوە، ساڵی رابردوو 25 کیلۆگرام ئارد بە 130 لیرە بووە، ئەمساڵ نرخەکەی گەیشتووەتە 550 لیرە. هەروەها لیتری سووتەمەنی 9 لیرە بوو، ئەمساڵ بۆ 30 لیرە بەرزبووەتەوە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە