رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی بانکی وەک خۆی هێشتەوە و لە 14%دا جێگیری کرد.
ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندی تورکیا پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی ئایاری 2022 پێنجەمین کۆبوونەوەی خۆی لەمساڵدا بە سەرۆکایەتی شەهاب کاڤجیئۆغڵو، سەرۆکی بانکی ناوەندی کرد.
بانکی ناوەندیی تورکیا بڕیاریدا بە دەستکارینەکردنی سوودی بانکی و بۆ پێنجەمینجار لەسەر یەک سوودی بانکی لە رێژەی 14%دا بەجێگیری هێشتەوە.
دوای راگەیاندنی بڕیارەکە، بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلار و دراوە بیانییەکان دابەزی. یەک دۆلاری ئەمریکی کە پێش بڕیارەکە بە 16.37 لیرە مامەڵەی پێوەدەکرا بەهای لەدەستدا و هەر دۆلارێک لە بەرامبەر 16.42 لیرەی تورکی مامەڵەی پێوەکرا.
سوودی بانکی لە تورکیا لە سەرەتای ساڵی 2021دا 17% بوو. بانکی ناوەندیی تورکیا لە 18ی ئاداری 2021دا، سوودی بانکی لە 17%ەوە بۆ 19% بەرزکردەوە و دواتر لە پێنج کۆبوونەوەدا ئەو رێژەیەی جێگیر کرد.
لە 23ی ئەیلولی 2021 رێژەی سوودی بانکی لە 19% بۆ 18% کەمکرایەوە. لە 21ی تشرینی یەکەمی 2021، رێژەی سوودی بانکی بۆ 16% و لە 18ی تشرینی دووەمیشدا رێژەکەی لە 16%ەوە بۆ 15% کەمکرایەوە.
بانکی ناوەندیی تورکیا رۆژی 16ی کانوونی یەکەمی 2021 سوودی بانکی لە 15%ـەوە بۆ 14% کەمکردبووەوە، لە کۆبوونەوەی مانگی کانوونی دووەمی 2022 ـەوە تاوەکو ئێستا بۆ پێنج جار لەسەر یەک سوودی بانکی لە رێژەی 14%دا هێشتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ