ئەنجامدەری تەقینەوەکەی بەیئۆغڵوی ئیستەنبووڵ بە زیندانی تاهەتایی سزادرا

26-04-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی سزا قورسەکانی ئیستەنبووڵ ئەنجامدەری تەقینەوەکەی ساڵی 2022ی شەقامی ئیستیقلالی لە ناوچەی بەیئۆغڵو بە زیندانیکردنی تاهەتایی سزادا.
 
ئەمڕۆ هەینی 26ی نیسانی 2024 دەستەی دادوەرانی هەشتەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئیستەنبووڵ، بڕیاری کۆتایی لە دادگەییکردنی ئەحلام بەشیر و 36 کەسی دیکەی، بە تاوانی تەقاندنەوەی بۆمب لە شەقامی ئیستیقلال لە ناوچەی بەیئۆغڵو لە ئیستەنبووڵ، دا.
 
ئەحلام بەشیر، ئەنجامدەری تەقینەوەکە بە حەوت جار زیندانی تاهەتایی و 36 تاوانبارەکەی دیکەش بە هەزار و 794 ساڵ زیندانی سزا دران.
 
کاژێر 16:20 خولەکی ئێوارەی رۆژی 13ی تشرینی دووەمی 2022، لە شەقامی ئیستیقلال لە ناوچەی بەیئۆغڵو لە نزیک تەقسیمی ئیستەنبووڵ بۆمبێک تەقییەوە و لە ئەنجامدا شەش کەسی سڤیل کوژران و 99 کەس برینداربوون.
 
هەمان رۆژ، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا، ناسنامەی ئەنجامدەری تەقینەوەکەی ئاشکراکرد و رایگەیاند، "دوای تەقینەوەکە دەست بەلێکۆڵینەوە کرا. لە رێگەی تۆمارە ڤیدیۆییەکانی هەزار و 200 کامێرای چاودێرییەوە هەنگاو بە هەنگاو تۆڕی تیرۆریستان دەستنیشان کران. دوای 10 کاژێر، ئەنجامدەری تەقینەوەکە دەستگیرکرا. ئۆپەراسیۆنی هاوکاتیش لە 21 شوێن ئەنجامدرا و 46 کەس دەستگیر کران."
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو، "ئەنجامدەری تەقینەوەکە ناوی ئەحلام بەشیرە و هاووڵاتیی سووریایە و لە کۆبانێوە بە رێگای نایاسایی چووەتە نێو تورکیا. دوای تەقینەوەکەش خۆی شاردەوە و لە ئامادەکاریدا بوو بۆ ئەوەی بەرەو یۆنان هەڵبێت. لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی تیمەکانی دژەتیرۆر و میتدا کاژێر 02:50 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 14ی تشرینی دووەمی 2022 دەستگیرکرا. لە لێکۆڵینەوەدا دانی بەوەنا کە تاوانی ئەنجامدانی تەقینەوەکەی کردووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە