ئاکپارتی و مەهەپە رەخنە لە کڵچدارئۆغڵو دەگرن بەهۆی پەیامی لەبارەی مەزهەبەکەیەوە

27-04-2023
رووداو @Rudawkurdish
کڵچدارئۆغڵو بەهۆی پەیامە ڤیدیۆییەکەی لەبارەی عەلەویبوونی، رووبەڕووی رەخنە دەبێتەوە
کڵچدارئۆغڵو بەهۆی پەیامە ڤیدیۆییەکەی لەبارەی عەلەویبوونی، رووبەڕووی رەخنە دەبێتەوە
نیشانەکردن هەڵبژاردنی تورکیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا، زمانی بانگەشەی سیاسییەکان تووندتر و زبرتر دەبێت و بەتایبەتی ئەو بابەتانەی لەبارەی ئیتنیک و مەزهەبەوە باسی دەکەن، مشتومڕی لێ دەکەوێتەوە. هەر ئەم بابەتەش بووەتە هۆی ئەوەی ئاکپارتی و مەهەپە رەخنەی تووند لە کڵچدارئۆغڵو بگرن.
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە هاوپەیمانی ئاکپارتییە، لە گردبوونەوەیەکی جەماوەری پارتەکەیدا لە شاری کاستامۆنۆی تورکیا، سەرۆکی جەهەپەی بە هاندانی ئیتنیکی و مەزهەبی تۆمەتبار کرد.
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە گوتی "بێباکییەکەی دوێنێ، بیدعەکەی دوێنێ و خیانەتەکەی دوێنێ بەزیادەوە رەنگدانەوەی لەسەر ئەمڕۆ کردووە. تاکە شتێک کە ماوە، نەبوونی داگیرکاریییە بە کردەیی، بەڵام کڵچدارئۆغڵو ئاواتەخوازە بۆ ئەم ئەرکە نزمە و، هاندانی ئیتنیکی و مەزهەبی لە ئەستۆ گرتووە".
 
کاردانەوەی باخچەلی، دوای ئەوە هات، کە کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانی میللەت بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رۆژی 19 نیسان لە تویتەر پەیامێكی ڤیدیۆیی بە ناوی عەلەوی بڵاوکردووە. لە ماوەی شەش رۆژدا زیاتر لە 112 ملیۆن جار بینراوە.
 
کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا گوتی "رۆڵە خۆشەویستەکانم کە بۆ یەکەمینجار دەنگ دەدەن. من عەلەویم، بە باوەڕی حەقی محەممەد، عەلی، پەروەردە بووم. موسڵمانێکی دڵسۆزم و دەست لە حەرام نادەم. ناسنامەکانمان ناسنامەی ئێمەن و بێگومان بە شانازییەوە دەبێت پارێزگارییان لێ بکەین. هەڵیان نابژێرین، بەوانەوە لەدایک دەبین، گەورە دەبین و دەژین. لەیادت نەچێت، تەنیا بە دەنگ تۆ ئەم وڵاتە لە مشتومڕی ئازاربەخشی مەزهەبی و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە کراوە بە زۆنگاو، دەردەهێنیت".
 
سەرۆککۆماری ئێستای تورکیا کە بەربژێری هاوپەیمانی جمهوورە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، بانگەشەی ئەوە دەکات لە ماوەی دوو دەیەی دەسەڵاتی ئاکپارتیدا، کۆتاییان بە مشتومڕەکان لە بارەی ناسنامەی ئیتنیکی و مەزهەبی لە تورکیا هێناوە و ئەو کێشانەیان چارەسەر کردووە.
 
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی قسەکانی کڵچدرائۆغڵو گوتی "بۆچی دوای ئەوەی تەمەنت گەیشتووەتە 74 ساڵ، لەناکاو بەپێویستی دەزانیت بە ناسنامەی مەزهەبیی خۆتەوە بچیتە بەردەم رای گشتی. ئێمە تا ئەمڕۆ بەردەوام چیمانگوت؟ ئێمە ئایینێکمان نییە بە ناوی سوننە، ئایینێکمان نییە بە ناوی عەلەوییەت، ئایینێکمان نییە بە ناوی شیعە؛ ئایینی ئێمە، تاکە ناوێکی هەیە ئەویش ئیسلامە".
 
مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی کە هاوپەیمانی جەهەپەیە، شەوی دووشەممە لەبارەی بڵاوکردنەوەی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییە ئاماژەی بەوەدا، کڵچدارئۆغڵو ناچار بووە لێدوانێکی لەو شێوەیە بدات، ئەمەش دڵی ئازار داوە.
 
بەشێکی شرۆڤەکاران پێیانوایە عەلەویبوون خاڵی لاوازی کڵچدارئۆغڵۆیە، بەو هۆیەوە پێدەچێت بەشێكی خەڵک دەنگی پێ نەدەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە