ئەردۆغان: خوایە نەمانخەیتە دەستی جەهەپە

26-03-2025
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی تووندی لە سەرۆکی جەهەپە گرت بەوەی گوایە لای ئەورووپا سکاڵای لە کەناڵ و تۆڕە میدیاییەکانی تورکیا کردووە.
 
لە بەربانگی رۆژی چوارشەممە 26-3-2025، ئەردۆغان لەگەڵ خانەنشینان کۆبووەوە و گوتارێکی پێشکێشکرد. 
 
ئەردۆغان هێرشی کردە سەر ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە و گوتی:"ئەو زاتەی سەرۆکی پارتی ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکییە، لای وڵاتانی رۆژئاوا سکاڵا لە تەواوی تۆڕە میدیاییەکان دەکات. ئەرێ تۆ چ مرۆڤێکیت؟ باشە هیچ دەرگایەکی دیکەت نەدۆزیەوە؟ لە کولتوور و ژیانی ئێمەدا هەرگیز تێگەیشتنێکی لەم جۆرە نییە. خوا یار و یاوەری هەموومان بێت و نەمانخاتە دەستی ئەوان". 
 
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها رایگەیاند، پشووی کەرتی گشتی لەبری 6 رۆژ، 9 رۆژ دەبێت. واتا دوو، سێ و  4ـی نیسانیش بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی تورکیا دەبێتە پشوو. 
 
رۆژی 19ـی ئاداری 2025، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەستگیرکرا. رۆژی 23-3-2025 بە بڕیاری دادگە خرایە گرتووخانە. هەمان رۆژ لەلایەن وەزارەتی نێوخۆی تورکیاوە لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 26-3-2025 ئەنجوومەنی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بە دەنگدان بەرپرسێکی جەهەپە لە شوێنی ئیمامئۆغڵو دانرا.
 
دەنگدانەکە لە گەڕی یەکەم و دووەمدا یەکلایی نەبووەوە و لە گەڕی سێیەمدا نووری ئەسڵان بەربژێری جەهەپە 173 دەنگ و زەینەل عابدین ئۆکوڵ، بەربژێری ئاکپارتی 123 دەنگی بەدەستهێنا. 
 
نووری ئەسڵان دوای ئەوەی بە بریکاری سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ هەڵبژێردرا، گوتی: "سپاردەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵومان بۆ ماوەیەکی کاتی وەرگرت. سەرۆکی گەورەشارەوانیی هەڵبژێردراوی ئیستەنبووڵ لە ماوەیەکی کورتدا دەگەڕێتەوە و سپاردەکەی رادەست دەکەینەوە".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە