پیاوێک لە ئیستەنبووڵ 2779 مۆبایل کۆدەکاتەوە و ناوی دەچێتە کتێبی گینس


رووداو دیجیتاڵ
 
هاووڵاتییەکی تورکیا لە ناوچەی کوچوکچەکمەجەی ئیستەنبووڵ هەزاران مۆبایلی لە نێو رەفەکاندا داناوە، بەو بۆنەیەشەوە ناوی چووەتە نێو کتێبی گینس.
 
ئەکرەم کاراگودەکئۆغڵو ساڵانێکی زۆر خەریکی کۆکردنەوەی ئەو مۆبایلانەیە. ئەو بەم کارەی ریکۆردێکی پێوانەیی تۆمارکردووە و ناوی چووەتە کتێبی گینس بۆ ریکۆردە جیهانییەکان. 
 
ئەکرەم کاراگودەکئۆغڵو دەڵێت، "سێرڤسی تەکنیکیی مۆبایلم لە ساڵی 1997ـەوە، بەر لەوە رادیۆ و تەلەڤزیۆنم چاکدەکردەوە. کە مۆبایل دەرچوو دەستم دایە چاککردنەوەی مۆبایل. لەسەر کارەکەم بەردەوام بووم. بەهۆی حەزم بۆ کارەکەم بیرم لەوە کردەوە کارەکەم چۆن پێشبخەم. ئەو تەلەفۆنانەی دەمکڕین، نەمدەفرۆشتنەوە. دەستمکرد بە کڕینی مۆبایلی زیاتر و ژمارەیەکی زۆرم کۆکردەوە". 
 
ئەکرەم زۆربەی کاتەکانی لە نێو مۆبایلەکانیدا بەسەر دەبات و بە تێپەڕبوونی کات ژمارەیان زیاتر دەکات. لەنێو مۆبایلەکانیدا لە پاڵ مۆبایلی زیرەک، ئەو مۆبایلانەش هەن کە لە ساڵانی 1984 بەدواوە دروستکراون.  
 
ئەکرەم کاراگودەکئۆغڵو دەشڵێت، "لە 2010 ـەوە بینیم کە ژمارەی مۆبایلەکانم زۆر زیادیکردووە و شتێكی جوانی لێ دروست دەبێت. بۆیە لە زۆربەی شوێنەکانی جیهانەوە دەستمکرد بە کۆکردنەوە و کڕینی جۆرەکانی مۆبایل. ئێستا بە کۆکردنەوەی 2779 مۆبایل ناوم لە کتێبی گینیس دا تۆمارکرا".  
 
ئەکرەم هەرچەندە سەرەتا وەکو ئارەزوویەک دەستی بەو کارە کردووە، بەڵام ئێستا کە لە 150 براندی جیاواز نزیکەی 2800 مۆبایلی کۆکردووەتەوە و ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە، دەیەوێ لە داهاتوودا شوێنەکەی بکاتە مۆزەخانە.