مەولوود چاوشئۆغڵو: پێم سەیرە پۆمپەیۆ دەڵێت تورکیا توانای بەرەنگاربوونەوەی داعشی نەبووە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا نیگەرانیی خۆی بەرامبەر یاداشتەکانی مایک پۆمپەیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا دەربڕی کە گوتوویەتی "سوپای تورکیا توانای بەرەنگاربوونەوەی داعشی نەبووە."
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ یاریدەدەری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی تایلاند؛ مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی پێنجشەممە 26-01-2023 کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی سازکرد. لە کۆنفرانسەکەدا دوو پرسیار سەبارەت بە کتێبەکەی مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا ئاراستەی چاوشئۆغڵو کرا. یەکەمین پرسیار سەبارەت بەو گوتەیەکی پۆمپەیۆ بوو کە لە کتێبەکەیدا نووسیوویەتی، "ئەوکاتە بینیمان سوپای تورکیا توانای بەرەنگاربوونەوەی داعشی نییە."
 
پرسیاری دووەمیش هەر دەربارەی ئەو کتێبە بوو کە پۆمپەیۆ تێیدا باسی ساتی کۆبوونەوەکەی ساڵی 2019ی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکای کردووە و دەڵێت، "دوای ئەوەی کۆبوونەوەکە درێژەی کێشاوە ویستوویەتی بچێتە ژوورەوە، بەڵام کاتێک بینیویەتی دەرگاکە کلیل دراوە، هاواری کردووە و دواتر چووەتە ژوورەوە."
 
چاوشئۆغڵو ئەو گوتانەی رەتکردەوە و رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی تاکە سوپای ناتۆیە کە شەڕی دەستەویەخەی لەگەڵ داعش کردووە. هەروەها رایگەیاند، "لەو کاتەی تورکیا شەڕی داعشی دەکرد، لە سەردەمی پۆمپەیۆ لە باکووری سووریادا لەگەڵ یەپەگە داعشییەکان دەخرانە پاس و رەوانەی رەقە دەکران و بە فڕۆکە دەگوێزرانەوە بۆ ئەفغانستان."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها رایگەیاندووە، ئەو کتێبەی مایک پۆمپەیۆ زانیاریی نادروستی زۆری تێدایە؛ هاوکات پۆمپەیۆی بە پشتگیریکردنی هەوڵی کودەتاکەی 15-07-2016 تۆمەتبار کرد.