لە تورکیا کەمپەینی وازهێنان لە سەرپۆش رادەگەیێندرێت

26-01-2019
هێمن عەساف
نیشانەکردن تورکیا
A+ A-

رووداو-ئه‌نقه‌ره‌ 

كه‌مپه‌ینی وازهێنان له‌سه‌رپۆش له‌ توركیا، تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ته‌نیوه‌ و له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكدا ده‌یان ئافره‌ت وێنه‌ی نوێی خۆیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌رپۆشیان لابردووە. 


كه‌مپینه‌كه‌ له‌ڕێگه‌ی هاشتاگی #10YearChallenge به‌شێوه‌یه‌كی ئاشکرا ده‌ستیپێكردووه‌. به‌شداربووانی ئه‌م هاشتاگه‌ كه‌ سه‌رجه‌میان ئافره‌تن ده‌ڵێن، ده‌ستبه‌رداربوونیان له‌ سه‌رپۆش په‌یوه‌ندی به‌باوه‌ڕ و باوه‌ڕنه‌بوونیان به‌ئایینه‌وە نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وە وەستانەوەیە دژی ‌حكومه‌تی توركیا كه‌ گوشار ده‌خاته‌سه‌ر ئافره‌تان بۆ ئەوەی سه‌رپۆشیان بەسەرەوە بێت و بازنه‌ی ئازادی له‌ ئافره‌تان كه‌ سه‌رپۆش بەسەرنین به‌رته‌سك ده‌كاته‌وه‌. 

له‌ هاشتاگه‌كه‌دا ئافره‌ته‌ به‌شداربووه‌كان دوو وێنه‌ی كۆن و نوێیان له‌ ته‌نیشت یه‌كدییه‌وه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌. یه‌كه‌میان بەسه‌رپۆشه‌وە و دووه‌میشیان بێ سەرپۆش. 

دوای كوده‌تای ساڵی 1997 بە سەر نەجمەدین ئەربەکان، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی تورکیادا، بە فه‌رمانی سوپا سه‌رپۆش له‌ داموده‌زگا فه‌رمییه‌كان و زانكۆكان قه‌ده‌خه‌كرا. 

له‌ ساڵی 2002 ئاکپارتی ده‌سه‌ڵاتی توركیای گرته‌ده‌ست و له‌ ساڵی 2007 قه‌ده‌خه‌ی سه‌رپۆشی له‌ زانكۆكان هه‌ڵگرت و به‌هه‌مانشێوه‌ له‌ساڵی 2008 قه‌ده‌خه‌ی سه‌رپۆشی له‌ داموده‌زگاكانیش كۆتایی پێهێنا و له‌ ساڵی 2016ش قه‌ده‌خه‌ی سه‌رپۆشی له‌ ریزه‌كانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هه‌ڵگرت. 

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە