تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشوازی لە مارک روتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ دەکات. وێنە: NATO
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە ئەنقەرە پێشوازی لە سکرتێری گشتیی ناتۆ کرد و کۆبوونەوە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەیان "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" بووە.
بەگوێرەی راگەیێنراوێکی سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی کۆماری تورکیا، ئەمڕۆ دووشەممە 25-11-2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشوازیی لە مارک روتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ کردووە. لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا باس لە "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" کراوە.
سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی کۆماری تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راگەیێنراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا باس لەوە دەکات، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆشکی کۆماریی تورکیا لە ئەنقەرە پێشوازیی لە مارک روتە کردووە. هەروەها هاتووە: "لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆ لەسەر تەوەرەکانی شەڕی رووسیا-ئۆکراینا، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەوڵی کۆتاییهێنان بە کۆمەڵکوژیی فەڵەستین و رۆڵی تورکیا لە هاوپەیمانیی ناتۆ کرا".
لە راگەیێندراوەکەدا هەروەها جەخت لەسەر بابەتی 'بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر' کراوەتەوە و دەڵێت: "سەرۆککۆمار ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکەدا سوپاسی مارک روتە، سکرتێری گشتیی ناتۆی کرد بەهۆی ئەو پەیامی پشتیوانییەی ناتۆ لە دوای هێرشەکەی سەر کارگەی بەرهەمهێنانی پێویستیی سەربازی ئاراستەی تورکیای کرد".
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا و فەخرەدین ئاڵتوون، سەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆماری تورکیا و ئاکیف چاغاتای کڵیچ، راوێژکاری باڵای سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی سەرۆککۆمار ئامادە بوون.
تورکیا و هاوپەیمانیی ناتۆ
کۆماری تورکیا لە دوای جەنگی دووەمی جیهان چووە پاڵ زلهێزانی رۆژئاوا و ساڵی 1952 بووە ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ. رۆژی 17-10-1952، واژۆ لەسەر نووسراوی ئەندامیەتیی تورکیا لە ناتۆ کرا.
ناتۆ یان هاوپەیمانی ئەتڵەنتیکی باکوور، ھاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتییە کە 32 وڵات لەخۆدەگرێت.
ئەو هاوپەیمانییە رۆژی 4-4-1949 دامەزرا. لە مادەی پێنجی پەیماننامەی ناتۆدا ھاتووە کە ئەگەر ھێرشێکی چەکداری بەرامبەر ھەر یەکێک لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بکرێت، ئەوا ھێرشە دژی ھەموو ئەندامەکانی دیکەی هاوپەیمانییەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ