رووداو دیجیتاڵ
لە نۆیەمین کۆنگرەی پارتی سەعادەتی تورکیا، مەحموود ئاڕیکان بە سەرۆکی نوێی پارتەکە هەڵبژێردرا.
رۆژی یەکشەممە، 24-11-2024، پارتی سەعادەت نۆیەمین کۆنگرەی ئاسایی لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەست. هەمان رۆژ تەمەل کارامۆڵڵائۆغڵو کە سەرۆکی پارتەکە بوو، دەستی لەکارکێشایەوە و بەربژێران لەسەر پۆستی سەرۆکی سەعادەت کەوتنە رکابەریکردن.
مەحموود ئاڕیکان، بریکاری سەرۆکی پارتی سەعادەت 741 واژۆی کۆکردەوە و بەربژێر بوو. هەروەها بیرۆڵ ئایدن، گوتەبێژی پارتەکە 221 واژۆی کۆکردەوە و بەربژێر بوو. مستەفا کاماڵاک، سەرۆکی پێشووی پارتەکە تەنیا 36 واژۆی کۆکردەوە و بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆیی پارتەکە، نەیتوانی خۆی بەربژێر بکات.
رکابەری لە نێوان مەحموود ئاڕیکان و بیرۆڵ ئایدن مایەوە. مەحموود ئاڕیکان 823 دەنگی بەدەستهێنا و بووە سەرۆکی پارتی سەعادەت.
تەمەل کاڕامۆڵڵائۆغڵو، دوای دەستنیشانکردنی سەرۆکی تازەی پارتەکەی، لەگەڵ هەردوو بەربژێر چووە سەر سەکۆ، گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی:"لە وڵاتەکەماندا کێشەکان چارەسەر ناکرێن و زیاد دەبن. ناونیشانی چارەسەری ئەو کێشانە پارتی سەعادەتە".
هەروەها سەرۆکی هەڵبژێردراو، مەحموود ئاڕیکان گوتی:"بە سەختترین و پڕ ئاستەنگترین دۆخدا تێدەپەڕین. لە سەر شانی هەریەکەماندا بارێکی قورس هەیە. درێژە بە کارەکانی رێکخستنەکانی پارتی سەعادەت دەدەین. وا دیارە لە داهاتووێکی زۆر نزیکدا هەڵبژاردن دەکرێت و هەموومان شانمان دەدەینە بەر و ئەرکی خۆمان بەجێدەهێنین. گەورەتین سەرکەوتنەکان بەیەکەوە تۆماردەکەین".
مەحموود ئاڕیکان کێیە؟
- 1977 لە پارێزگای کایسەریی تورکیا لەدایکبووە
- دەرچووی بەشی ئەندازیاریی بیناسازییە لە زانکۆی ئەرجیەس
- سەرۆکی باڵی گەنجانی پارتی سەعادەت بووە
- 2019 بووە یاریدەدەری سەرۆکی پارتی سەعادەت
- لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 2023'دا بووە پەرلەمانتاری پارتی سەعادەت
- رۆژی 24-11-2024 بە سەرۆکی پارتی سەعادەت هەڵبژێردرا
- خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ