لە تورکیا فڕۆکەیەکی رووسی لەکاتی نیشتنەوەیدا گڕی گرت

 
رووداو دیجیتاڵ

فڕۆکەیەکی رووسی لەکاتی نیشتنەوەی لە فڕۆکەخانەیەکی تورکیا مۆتۆڕەکەی گڕی گرت و بەپەلە سەرنشینان و ستافی فڕۆکەوانی رزگار کران.
 
رووداوەکە درەنگانی شەوی یەکشەممە 24-11-2024 لە فڕۆکەخانەی ئەنتاڵیا روویدا.
 
سوعاد سەیدئۆغڵو، فەرماندەی سنووری میریی فڕۆکەخانەی ئەنتاڵیا رایگەیاند، "فڕۆکەکە سەر بە کۆمپانیای ئازیموز-ە کە لە رووسیاوە هاتووەتە ئەنتاڵیا. لەکاتی نیشتنەوەیدا لای چەپی مەکینەکەی گڕی گرتووە. تیمەکانمان دەستبەجێ گەیشتنە سەر فڕۆکەکە و ئاگرەکەیان لە ماوەیەکی کورتدا کۆنترۆڵ کرد. هەروەها 87 سەرنشین و 4 کارمەند لە ستافی فڕۆکەوانی بە سەلامەتی رزگار کران."
 
سەیدئۆغڵو هەروەها رایگەیاند، لە رووداوەکەدا هیچ گیانلەدەستدان و برینداربوونێک نییە.
 
کارگێڕیی فڕۆکەخانەی ئەنتاڵیا شوینی رووداوەکەی بەڕووی فڕۆکەکانی دیکە داخست، تا ئەوکاتەی ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵکرا و مەترسی نەما.
 
فڕۆکەخانەی ئەنتاڵیا یەکێکە لە فڕۆکەخانە گەورەکان، ساڵی 2023 بە گشتی پێشوازیی لە 30 ملیۆن و 804 هەزار و 557 کەس کرد و ژمارەی پێوانەیی تورکیای شکاند.