لە ئەنقەرە باوک و کوڕێک لەلایەن دراوسێیەکیانەوە کوژران

رووداو دیجیتاڵ 

لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دوو خێزان لەسەر منداڵەکانیان دەبێتە شەڕیان و دواتر یەکێکیان تەقە لە خێزانەکەی دیکە دەکات و کوڕ باوکێک دەکوژێت و دایکیان و کەسێکی دیکە بریندار دەکات.
 
رووداوەکە دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممە، 25-11-2023، لە ناوچەی کەچیئۆرەن ـی ئەنقەرە روویدا. بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو دراوسێیانە سەرەتا لەسەر منداڵەکانیان دەمەقاڵێیان کردووە و دواتر بووەتە شەڕیان. حوسێن ئاڵکان کە تەمەنی 59 ساڵە تەقەی لە دراوسێکانی کردووە و ئوغور شاهان (تەمەن 49 ساڵ) و کوڕەکەی محەممەد عەلی شاهانی تەمەن 15 ساڵی کوشتووە. هەروەها سێڤدا شاهان، هاوژینی ئوغور شاهان و سەما تاشکران، دەرگەوانی باڵەخانەکە بریندار بوون. 
 
دوو بریندارەکە گواسترانەوە نەخۆشخانە و کوژراوەکانیش بۆ لێکۆڵینەوە رەوانە دادپزیشکیی ئەنقەرە کران. 
 
دوای رووداوەکە پۆلیس گەیشتە باڵەخانەکە و راستەوخۆ حوسێن ئاڵکانیان دەستگیرکرد. ئاڵکان لە کامێرای چاودێرییەوە دەرکەوتووە کە تفەنگی لەدەستە و دەڕواتە ژوورەوە، دواییش تەقە دەکات. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکان پێشتریش چەند جارێک لەسەر چاککردنەوەی ئەسانسۆر و دەنگە دەنگی منداڵان کێشە لە نێوان حوسێن ئاڵکان و دەرگەوانی باڵەخانەکە دروستبووە.
 
رۆژی پێنجشەممەی رابردووش لە گەڕەکێکی دیکەی ئەنقەرەدا دوو دراوسێ لەسەر کێشەی منداڵان بووەتە شەڕییان و لە ئاکامدا هاووڵاتییەکی تەمەن 72 ساڵ پێنج کەسی لە یەک خێزان کوشت.
 
بەگوێرەی راپۆرتی دەزگای ئوموت، ساڵی 2022 لە سێ هەزار و 984 رووداوی شەڕدا لە باکووری کوردستان و تورکیادا چەک بەکارهێندراوە. لەو رووداوانەدا دوو هەزار و 278 کەس کوژراون و چوار هەزار و 231 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
ئایهان ئاکجان، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی دەزگای ئوموت جەختی لەسەر زۆربوونی چەکی بێ مۆڵەت لە تورکیا و باکووری کوردستان کردەوە و گوتی، "بەرامبەر هەر چەکێکی بە مۆڵەت، نۆ چەکی بێ مۆڵەت هەیە. بە گشتی لە وڵاتەکەماندا چوار ملیۆن چەکی مۆڵەتدراو هەیە. لە بەرامبەردا نۆ هێندە چەکی بێ مۆڵەت هەیە کە مەزەندە دەکرێت ژمارەیان 36 ملیۆن چەک بێت. ئەمە بەو مانایە دێت لە هەر سێ ماڵ یەکێکیان چەکی لێیە."
 
دەزگای ئوموت جگە لە ئامارەکان، هۆشداریش لە زیادبوونی ژمارەی چەک لە تورکیا دەدات. بەگوێرەی راپۆرتەکە لە باکووری کوردستان و تورکیادا رۆژانە 10 کەس گیانلەدەستدەدەن و 20ـی دیکەش بریندار دەبن. ساڵانە چەک دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج هەزار کەس.